Accessibility links

سوید و فینلەندا: پڕۆسەی ئەندامێتی لە ناتۆ نەوەستاوە


وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم
وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم

وەزیرانی دەرەوەی سوید و فینلەندا لە چاوپێکەوتنی جیادا جەختیان لەوە کردەوە کە پڕۆسەی ئەندامێتی دوو وڵاتەکە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت سوید نابێت پێشبینی ئەوە بکات تورکیا داواکەی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند بکات.

وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدیدا دانی بەوەدانا کە توڕەبوونی تورکیا بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانە و سوتاندنی قورئانەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیادا لە ستۆکهۆڵم، هەوڵەکانی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ ئاڵۆز کردووە.

بۆ ئەوەی ئەندامێتی وڵاتێکی دیکە لە ناتۆدا پەسەند بکرێت، پێویستە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا پەسەندی بکەن، بە تورکیاشەوە. بیلسترۆم وتی حکومەتی سوید هیوادارە لەم هاوینەدا سوید ببێتە ئەندام لە ناتۆدا.

بیلسترۆم لە چاوپێکەوتنەکەدا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی سوید کەی دەبێتە ئەندام لە ناتۆدا، وتی " ئێمە بە پەرۆشەوەین بۆ کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە ڤیلینیوسی پایتەختی لیتوانیا لە مانگی حەوتدا."

تاوەکو ئێستا تەنها هەنگاریا و تورکیا داواکەی سوید و فینلەندایان بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆ واژۆ نەکردووە.

لە کاتێکدا هەنگاریا بەڵێنیداوە لە مانگی دوودا داواکەی ئەو دوو وڵاتە پەسەند بکات، ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی کۆبوونەوەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بڕۆکسل دواخستووە.

چاوش ئۆغلۆ وتی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە " بێ مانان " دوای ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو لە ستۆکهۆڵم.

ڕۆژنامەکە لە زاری بیلسترۆمەوە بڵاویکردەوە کارەکان بۆ ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆ ڕانەگیراون یاخود نەوەستاون.

وتی " پڕۆسەی ناتۆ نەوەستاوە. حکومەتی سوید بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامانەی کە لە نێوان سوید و فینلەندا و تورکیادا هەن. بەڵام ئەوە پەیوەستە بە تورکیاوە بڕیار بدات کەی پەسەندی دەکەن."

وەزیری دەرەوەی فینلەندا پێکا هاڤیستۆ هاوشێوەی هاوتا سویدییەکەی وتی دوو وڵاتەکە پلانییان هەیە پێکەوە بەردەوام بن لە گەشتە هاوبەشەکەیاندا بەرەو ناتۆ.

هاڤیستۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی گشتی وای ئێڵ ئی فینلەندیدا وتی " بە بۆچوونی من ڕێگای ناتۆ بۆ هیچ کام لە دوو وڵاتەکەدا دانەخراوە."

وتیشی بڕیارەکەی تورکیا بۆ کشانەوە لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان فینلەندا و سوید و تورکیا لە ئێستادا " درێژکردنەوەی کاتەکەیە بۆ تورکیا و دەکرێت بابەتەکە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 14 ی مانگی پێنج " باسی لێوە بکرێتەوە.

هاڤیستۆ وتی هیوادارە ئەو ماوە کاتییە ڕێگە بەوە بدات ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا لە مانگی حەوتدا لە لیتوانیا بچێتە قۆناغی کۆتاییەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG