Accessibility links

تورکیا: سوید و فینلاند لە پێناو ئەندامێتیان لە ناتۆدا دەبێت 130 ' تیرۆریست ' ڕادەستی تورکیا بکەن


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی تورکیا داواکەی سوید و فینلاند بۆ ئەندامێتییان لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند بکات، دەبێت ئەو دوو وڵاتە 130 " تیرۆریست " ڕەوانە یاخود ڕادەستی تورکیا بکەنەوە.

ساڵی ڕابردوو سوید و فینلاند وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام داواکەیان دەبێت لەلایەن سەرجەم 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆوە پەسەند بکرێت. تورکیا و هەنگاریا تاوەکو ئێستا بڕیارییان نەداوە لەسەر ئەوەی داواکانی ئەو دوو وڵاتە پەسەند بکەن یاخود نا.

تورکیا وتوویەتی بە تایبەتی سوید دەبێت هەڵوێستێکی ڕوونتری هەبێت دژی ئەو لایەنانەی کە تورکیا بە " تیرۆریستییان " دەزانێت، بە تایبەتی هێزە کوردییەکان و ئەو گروپەی کە ئانکەرە بە هەوڵدان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 تۆمەتباری کردوون.


ئەردۆغان وتی " وتمان سەیرکەن، ئەگەر ئێوە تیرۆریستەکان ڕادەستی ئێمە نەکەن، ئەوا ناتوانین داواکەتان بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ لە پەرلەماندا پەسەند بکەین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەی کە لە مانگی یانزەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستیرسندا ئەنجامیدا.

وتی " بۆ ئەوەی ئەمە پەسەند بکرێت، سەرەتا هەموو ئەوەی کە ئێوە دەبێت بیکەن ئەوەیە زیاتر لە 100 ، نزیکەی 130 لەم تیرۆریستانەمان ڕادەست بکەن."

سیاسییەکانی فینلاند پێیان وایە داواکەی ئەردۆغان وەڵامێکی توڕەییە بۆ ئەو ڕووداوەی کە هەفتەی ڕابردوو لە ستۆکهۆڵم ڕوویدا، کە تیایدا لە خۆپیشاندانێکی بچووکدا وێنەیەکی ئەردۆغان بەسترابۆوە.
وەزیری دەرەوەی فینلەندا پێکا هاڤیستۆ بە کەناڵی وای ئێڵ ئی وت " ئەمە دەبێت کاردانەوەیەک بێت، پێم وایە کاردانەوەیەکە بۆ ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو."

وتیشی ئاگاداری هیچ داواکارییەکی فەڕمی نوێی تورکیا نیە.

وەکو وەڵامێک بۆ ڕووداوەکەی ستۆکهۆڵم، تورکیا پلانی سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی سوید ئاندریاس نۆرلینی بۆ ئەنکەرە هەڵوەشاندەوە. نۆرلین لە جیاتی تورکیا ڕۆژی دووشەممە سەردانی فینلەندای کرد.


سەرۆکی پەرلەمانی فینلەندا ماتی ڤانهانین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نۆرلین وتی " جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە فینلەندا و لە سوید ئازادی ڕادەربڕینمان هەیە. ناتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری سوید وتی وڵاتەکە " لە دۆخێکی باشدایە " بۆ بە دەستهێنانی پەسەندکردنی داواکەی لەلایەن تورکیاوە.

ڕۆژی شەممە وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین وتی کاتەکە خەریکە بەسەردەچێت بۆ پەرلەمانی تورکیا بۆ پەسەندکردنی داواکانی سوید و فینلەندا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیارە لە مانگی پێنجدا بەڕێوەبچن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG