دهربارهی ئێمه
دەربارەی ئێمە
دەنگی ئەمەریکا VOA دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە کە بە چەندین زمان بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە بە تایبەتی بۆ ئەو خەڵکانەی لە ناوچەکانیان ئازادی ڕۆژنامەگەری سنووردارە یان هەر نیـیە. دەنگی ئەمەریکا لە ساڵی 1942 وەوە دامەزراوە و وابەستەیە بە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان بە شێوەیەکی ڕاست و دوروست و بێ لایەنانە و گشتگیر کە تێڕوانین و بۆچوونی هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە هەر بابەتێک تیایدابێت، ئەمەش تاوەکو ڕاستیـیەکان بۆ خەڵکی بگەیەنێت. دەنگی ئەمەریکا تەنیا لە لایەن باجدەرانی ئەمەریکایـیەوە پارەی بۆ دابیندەکرێت وەک بەشێک لە ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی USAGM .
ساڵی 1976، سەرۆک جێراڵد فۆرد یاسا و ڕێسای دەنگی ئەمەریکای واژوکرد کە تیایدا هاتووە:
دەنگی ئەمەریکا وەک سەرچاوەیەکی ڕاستگۆ و بڕواپـێکراوی هەواڵ کاردەکات. هەواڵەکانی دەنگی ئەمەریکا ڕاست و دوروست و بابەتیـیانە و گشتگیر دەبن.
دەنگی ئەمەریکا ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەمەریکا دەبێت، نەک تەنیا بۆ بەشێکی کۆمەڵگەی ئەمەریکایی، بۆیە بە شێوەیەکی هاوسەنگ و گشتگیرانە هەڵوێست و تێڕوانینی دەزگا گرنگەکانی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو.
دەنگی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و چالاکانە سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو، وە وتووێژی بەرپـرسانە و ڕاوبۆچوونی جیاواز لە بارەی ئەو سیاسەتانە پـێشکەش دەکات.
ساڵی 1994، کۆنگرێسی ئەمەریکا یاسای پەخشی نێودەوڵەتی پەسەندکرد. بەپـێی یاساکە دەبێت کاری ڕۆژنامەوانانی دەنگی ئەمەریکا جێی متمانە بن و ڕاست و دوروست و گشتگیر و هاوسەنگ بن و ڕەنگدانەوەی فرە کەلتوری و کۆمەڵایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بێت.
ساڵی 2016 کۆنگرێسی ئەمەریکا جارێکی دیکە لە یاسای بەرگری نیشتمانی جەختی کردەوە کە دەبێت ئەرکی کۆکردنەوەی هەواڵەکان و ئامادەکردنی ڕاپـۆرتەکان بە سەربەخۆیی و بابەتیـیانە بمێننەوە.
مێژووی دامەزراندنی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا
له پاش شەڕی كەنداوی یەكەم و له 25 ی مانگی چواری ساڵی 1992 بەشی كوردی دەنگی ئەمەریکا دامەزرا، ئەویش بە هەوڵێكی زۆری چەند کەسـانێـکی دڵـسۆز.
لە سەرەتادا، بەشی كوردی تەنها 5 كارمەندی هەبوو و ماوەی پەخشی بەرنامەکانی لەسەر ڕادیۆ تەنیا 15 خولەک بوو، بەڵام لە پاش دوو مانگ ژمارەی کارمەندانی بوو بە 9 و ماوەی بەرنامەکانیش بۆ 30 خولەک زیادکران. لە مانگی یازدەی هەمان سـاڵ کارمەندان بوون بە 11 و ماوەی بەرنامەکان بۆ یەک کاژمێر زیادکران.
لە مانگی یەکی سـاڵی 2003 ، واتە بەر لە شەڕی کەنداوی دووەم و ڕزگارکردنی عێراق بە چەند مانگێـک ماوەی بەرنامەکان بۆ 4 کاژمێر زیادکران و ژمارەی کارمەندان بوو بە 22 و لە مانگی چواری هەر هەمان سـاڵدا بوو 27 کارمەند. پاش شەڕی داعش و زۆربوونی هەواڵەکانی ناوچەکە، لە ساڵی 2015 وە ژمارەی کارمەندان گەیشتە 32 و لەگەڵیدا پەیامنێرانی بەشی کوردیش زیادیانکرد کە ژمارەیان گەیشتە 13 و بوونەتە سەرچاوەی هەواڵ نەک تەنیا بۆ بەشی کوردی بەڵکو بۆ تەواوی بەشەکانی دەنگی ئەمەریکا کە بە دەیان زمانی جیاجیا بەرنامەکانیان بۆ سەرانسەری جیهان بەخش دەکرد.
لەگەڵ پـێشـکەوتنی تەکنەلۆجیا و کۆمپـیوتەر و بڵاوبوونەوەی ئنتەرنێت بە جیهاندا، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە سـاڵی 2003 وە ماڵپەڕی خۆی کردەوە بە هەردوو زاراوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و پێشکەوتنی جیهانی ئنتەرنێت و دەرکەوتنی سۆشیال میدیا ڕێگەی نوێ گیرانەبەر بۆ بڵاوکردنەەی بابەتەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ جەماوەرەکەیدا، لەوانە فەیسبوک و ئنستگرام و یوتیوب و ئێکس و تیکتۆک.
لە ساڵی 2008 وە بەشی کوردی دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی و هەنگاوی نا بەرەو بەرنامەکانی تەلەفیزیۆن.
لە ئێستادا بەشی کوردی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی ڕاستەوخۆی هەیە کە هەفتانە لە ڕۆژی دووشەممەوە هەتا ڕۆژی هەینی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەسەر سەتەلایت و ماڵپەڕ و فەیسبوک و یوتیوب بڵاودەکرێتەوە. هەروەها بەرنامەیەکی پۆدکاستی هەیە بە ناوی ڕوانگە، ئەم بەرنامەیە هەفتانەیە و ماوەکەی 30 خولەکە.