Accessibility links

ڕابەری پارتێکی ڕاستڕەوی سوید ئەردۆغان بە " دیکتاتۆرێکی ئیسلامی " ناودەبات


ڕابەری پارتی ڕاستڕەوی توندڕەی دیموکراتەکانی سوید سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بە " دیکتاتۆرێکی ئیسلامی " ناوبرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەنکەرە سوورە لەسەر دژایەتیکردنی داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

جیمی ئاکیسن کە لە ئێستادا پارتەکەی پشتیوانی لە حکومەتی سوید دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی داینس نیهتەردا ئەم لێدوانانەیدا.

ئاکیسن بە ڕۆژنامەکەی وت سنوور هەن لەسەر ئەوەی سوید چەندێک دەڕوات بۆ ڕازیکردنی تورکیا بۆ پەسەندکردنی داواکەی وڵاتەکە بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا، " چونکە لە کۆتاییدا ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسێکی دژ بە سیستمی دیموکراسی و دیکتاتۆرێکدا دەکەین."

ئاکیسن گومانیشی هەبوو لەسەر ئەوەی ئەردۆغان کە شانازی بەوەوە دەکات لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا هەرگیز لە هەڵبژاردنەکاندا نەدۆڕاوە، بە شێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵبژێردرێتەوە.

وتی " من ڕابەری پارتێکم بۆ پارتی دیموکراتەکانی سویدی دژە ئیسلامی و بۆچوونی بەهێزم هەیە لەسەر دیکتاتۆرێکی ئیسلامی وەکو ئەردۆغان. ئەو لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، بەڵێ. بەڵام پوتنیش بەو مانایە هەر لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە."

پارتی دیموکراتەکانی سوید کە دژ بە کۆچن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆدا دەرکەوتن و لە سەدا 20.54 ی دەنگەکانیان بە دەستهێنا و دووەم گەورەترین پارتی وڵاتەکە بوون. پشتگیری ئەو پارتە بۆ حکومەتە هاوپەیمانەکەی سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن زۆر گرنگە.

ساڵی ڕابردوو سوید و فینلەندا بە شێوەیەکی فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا و هەنگاریا بڕیارییان لەسەر پەسەندکردنی داواکانیان نەداوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG