Accessibility links

ئەردۆغان لەسەر بابەتی سوتانی قورئان هۆشداری دەدات بە سوید و دەڵێت چاوەڕوانی پشتیوانی ئێمە نەکەن


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە هۆشداریی دابە سوید کە نابێت چاوەڕێی پشتیوانی تورکیا بن بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی ناتۆ، دوای سووتاندنی قورئان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئانکەرە لە ستۆکۆڵم.

لێدوانە تووڕەییەکانی ئەردۆغان زیاتر شیانی پەیوەستبوونی سوید و فینلاندی بە هاوپەیمانی ناتۆوە بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە مانگی پێنجدا دوورخستەوە.

تورکیا و هەنگاریا تەنها وڵاتانی ئەندامی ناتۆن کە بڕیارە مێژووییەکەی ئەو وڵاتانەی باکوری ئەوروپایان پەسەند نەکردووە بۆ شکاندنی نەریتی بێلایەنی سەربازییان پاش لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

سەرەک وەزیری هەنگاریا ڤیکتەر ئۆربەن بەڵێنی داوە پەرلەمانەکەی لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بڕیارەکە پەسەند دەکات.

بەڵام ئەردۆغان بەرەو هەڵبژاردنێک دەچێت کە بە پێی شارەزایان بردنەوەی ئاسان نابێت و هەوڵ دەدات دەنگی نەتەوە پەرستەکانی وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت.

لە یەکەم وەڵامی فەڕمیدا بۆ کردارەکەی سیاسەتمەدارێکی دژە ئیسلام، لە میانەی خۆپیشاندانێکی ڕۆژی شەممە کە سەرباری ناڕەزایەتی تورکیا لەلایەن سویدەوە ڕێگەی پێدار، گوتی " سوید نابێت چاوەڕێی پشتیوانی ئێمە بکات بۆ (چوونە ناو) ناتۆ."

ئەو گوتی " ڕوونە ئەوانەی بێڕێزییەکی لەو جۆرە لەبەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان ئەنجام دەدەن نابێت چیتر چاوەڕوانی هیچ نیازباشییەک لە ئێمە بکەن لە خواستەکانیاندا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ."

ئەردۆغان لە تویتێکیشدا گوتی " ئەو كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌ی سوید، سووكایه‌تییه‌ به‌ هه‌موو ئەوانەی ڕێز له‌ ماف و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ دەگرن بەتایبەتی موسوڵمانان."

سوید زۆر بە وریاییەوە وەڵامی لێدوانەکەی ئەردۆغانی دایەوە.

وەزیری درەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم بە ئاژانسی دەنگوباسی TT ی سویدی گوت " ئەمشەو ناتوانم وەڵامی ئەو لێدوانە بدەمەوە. سەرەتا دەمەوێت بە دروستی تێبگەم چی گوتووە."

سەرکردەکانی سوید بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەو ڕاسمس پڵودنیان کردووە، بەڵام بەرگرییشیان لە پێناسەی فراوانی وڵاتەکەیان کردووە بۆ ئازادی دەربڕین.

سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ئۆلف کریستەرسۆن لە تویتێکدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " ئازادی ڕادەربڕین بەشێکی بنەڕەتی دیموکراسییە. بەڵام ئەوەی یاساییە مەرج نییە گونجاو بێت. سووتاندنی ئەو کتێبانەی کە بۆ زۆر کەس پیرۆزن، کارێکی بێڕێزی قووڵە. دەمەوێت هاوخەمی خۆم بۆ هەموو ئەو موسڵمانانە دەرببڕم کە توڕەن بەو شتانەی ئەمڕۆ لە ستۆکۆڵم ڕوویداوە."

ئەردۆغان پێشتر کۆمەڵێک مەرجی سەختی بۆ سوید داناوە کە بریتین لە ڕادەستکردنەوەی دەیان کەس کە زۆربەیان کوردن و ئانکەرە بە "تیرۆر" یان بە تێوەگلان لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 تۆمەتباریان دەکات.

هەروەها ستۆکۆڵم هەموارکردنەوەیەکی دەستووری پەسەندکردووە کە شیانی هەیە ببێتە هۆی دەرکردنی یاسای توندتری تیرۆری کە لەلایەن ئانکەرەوە داوا کراوە.

بەڵام ئاڵۆزییەکان زۆرتر بوو کاتێک گورپێکی بچووکی کوردەکان سەرەتای ئەم مانگەدا لە دەرەوەی هۆڵی شارەوانی ستۆکۆڵم بووکەڵەیەکی شێوەی ئەردۆغانیان سەربەرەوخوار هەڵواسی.

تورکیا باڵیۆزی سویدی بانگ کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بانگهێشتنامەی سەرۆکی پەرلەمانی بۆ ئانکەرە هەڵوەشاندەوە.

لە هەمانکاتدا پەسەندکردنی مۆڵەتی ناڕەزایەتییەکانی ڕاسمس پڵودن لەلایەن پۆلیسی سویدەوە وەڵامێکی تری هاوشێوەی لێکەوتەوە جارێکی تر تورکیا بالیۆزی سویدی بانگکردەوە و پێی ڕاگەیاند پلانی گەشتێکی وەزیری بەرگری سوید هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەردۆغان لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی سوتاندنی کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان تاوانێکی ڕق و کینەیە کە نابێت بە بیانوی ئازادی ڕادەربڕین بەرگری لێبکرێت " کەس مافی ئەوەی نییە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانەوە بکات."

XS
SM
MD
LG