Accessibility links

سەدان خۆپیشاندەر لە ئەفغانستان ناڕەزایەتی دژ بە سوتانی قورئان لە سوید دەردەبڕن


بە سەدان پیاوی ئەفغانی ڕۆژی سێشەممە لە شاری خوست لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر سوتانی قورئان لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید.

ڕاسمس پڵودن سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەوی سویدی-دانیمارکی ڕۆژی شەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید ئاگری لە پەڕەی قورئان بەردا.

ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەشێکی زۆری وڵاتانی موسوڵمان و ڕۆژی سێشەممەش لە شاری خوست نزیک سنوری پاکستان خۆپیشاندانێک بۆ ئیدانە کردنی ئەو کارە بەڕێوە چوو کە تەنها پیاوان تیایدا بەشدار بوون.

پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت لە خۆپیشاندانەکەدا پیاوەکان دروشمی "مەرگ بۆ حکومەتی سوید، مردن بۆ ئەو جۆرە سیاسەتمەدارانە"یان دەگوتەوە.

ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی سەرەکی شارەکە وەستاون و هەندێکیان ئاڵای تاڵیبانیان بەدەستەوەیە، لەکاتێکدا کارمەندانی ئاسایشی تاڵیبانیش لە نزیکەوە وەستاون.

قادر لاکانوال، خۆپیشاندەر و یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "خەڵکی خوست سووتاندنی قورئانیان لە سوید شەرمەزار کرد و داوایان لە وڵاتانی موسڵمان کرد دەنگی خۆیان لە دژی ئەو سیاسەتمەدارە خراپ و پیسە بەرز بکەنەوە".

ڕێکخەرێکی دیکە بەناوی ئیبراهیم سەیار ڕایگەیاندووە، "نابێت ئەو جۆرە کارانە دووبارە بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕق و کینە لە دڵی موسڵمانان بۆ ئایینەکانی دیکە دروست نەکات".

وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان پێشتر سووتاندنی قورئانی شەرمەزار کردبوو.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، داوای لە حکومەتی سوید کردووە سزای ئەنجامدەرەکە بدات و "کردەوەی خراپ و وروژێنەری لەو جۆرەی دژە ئیسلام و دژە موسڵمانان" ڕابگرێت.

هەروەها لە عێراق و پاکستانیش خۆپیشاندان دژی سووتاندنی قورئان لەلایەن پڵودنەوە دەستیپێکرد و ئەندەنوسیا ڕۆژی سێشەممە لەسەر ئەو ڕووداوە نوێنەری سویدی بانگهێشت کرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش ڕۆژی دووشەممە هۆشداریی دابە سوید کە نابێت چاوەڕێی پشتیوانی تورکیا بن بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی ناتۆ، دوای سووتاندنی قورئان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئانکەرە لە ستۆکۆڵم.

سەرکردەکانی سوید بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەو ڕاسمس پڵودنیان کردووە، بەڵام بەرگرییشیان لە پێناسەی فراوانی وڵاتەکەیان کردووە بۆ ئازادی دەربڕین.

سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ئۆلف کریستەرسۆن لە تویتێکدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " ئازادی ڕادەربڕین بەشێکی بنەڕەتی دیموکراسییە. بەڵام ئەوەی یاساییە مەرج نییە گونجاو بێت. سووتاندنی ئەو کتێبانەی کە بۆ زۆر کەس پیرۆزن، کارێکی بێڕێزی قووڵە. دەمەوێت هاوخەمی خۆم بۆ هەموو ئەو موسڵمانانە دەرببڕم کە توڕەن بەو شتانەی ئەمڕۆ لە ستۆکۆڵم ڕوویداوە."

XS
SM
MD
LG