Accessibility links

سەرچاوە: بەرلین تانکی ئەڵمانی دەدات بە ئۆکرانیا ئەگەر ئەمەریکا تانکەکانی خۆی بدات


سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەڵمانیا بە ڕۆیتەرزی وت ئەڵمانیا ڕێگە بە گواستنەوەی تانکە دروستکراوە ئەڵمانییەکان دەدات بۆ ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە دژی ڕووسیا، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمەریکا ڕازی ببێت تانکەکانی خۆی بدات بە ئۆکرانیا.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا لەم دواییانەدا چەند جارێک جەختی لەو مەرجە کردۆتەوە.

ڕۆژی هەینی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەڵمانیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێدانی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا.

سەرنجەکان بە تایبەتی لەسەر ئەڵمانیان، کە دەسەڵاتی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە دژی هەر بڕیارێکی وڵاتێکی دیکە بۆ ڕەوانەکردنی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا، سوپاکانی سەرانسەری ئەوروپا تانکی لیۆپاردییان هەیە و باوەڕ وایە گونجاوترین تانک بن بۆ ئۆکرانیا.

سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا لە داڤۆس وتی لەوە دەترسێت ڕووسیا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئامادەکاری بکات بۆ هێرشێکی نوێ و لەبەر ئەوە زۆر گرنگە تانک و موشەکی زیاتر بدرێت بە حکومەتی کیێڤ.

پۆڵەندا و فینلەندا پێشتر ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەڵمانیا ڕازی ببێت ئەوا تانکی لیۆپارد دەدەن بە ئۆکرانیا.

بەرلین دەڵێت ئەو بڕیارە یەکەم ئەرکی وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس دەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە پیستۆریەس میوانداری وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دەکات.

ئەمەریکا 24 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات دژی هێزەکانی ڕووسیا.

بەرپرسانی ئەمەریکا کە نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن دەڵێن پێشبینی دەکرێت بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک جۆو بایدن دواتر پێدانی ئوتومبێلی زریپۆشی سترایکەر بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات، بەڵام هێشتا بیری لە پێدانی تانکی ئەمەریکی نەکردۆتەوە، بە تانکی ئێم 1 ئابرامزیشەوە.

بەڕیتانیا لە ماوەی ڕابردوودا فشارەکانی سەر بەرلینی زیاد کرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بووە یەکەمین وڵاتی ڕۆژئاوا کە تانکەکانی بداتە ئۆکرانیا، بەڵێنیدا یەکەیەکی تانکی چاڵێنجەر بدات بەو وڵاتە، بەڵام تانکەکانی لیۆپارد بە گونجاوترین تانک دادەنرێن بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG