Accessibility links

پۆڵەندا پلانی هەیە تانکی لیۆپارد بدات بە ئۆکرانیا


سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی پۆڵەندا دەڵێت پۆڵەندا بڕیاریداوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیدا تانکی لیۆپارد ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات، لە کاتێکدا کە وارشۆ هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە گەیشتن بە کۆدەنگییەک لە نێو هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوادا لەسەر ئەو جۆرە پشتیوانیە.

کیێڤ داوای ئوتومبێلی سەربازیی قورسی کردووە، لەوانەش تانکی لیۆپاردی 2 ی دروستکراوی ئەڵمانیا، کە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە زیادکردنی پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوادا بۆ ئۆکرانیا.


سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا وتی " یەکەیەکی تانکی لیۆپارد وەکو بەشێک لە دروستکردنی هاوپەیمانێتیەک ڕادەستی ئۆکرانیا دەکرێت. دەمانەوێت هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بێت."

یەکەکە نزیکەی 14 تانک لە خۆدەگرێت.

دودا وتی هیوادارە تانکەکانی پۆڵەندا لەگەڵ تانکەکانی وڵاتانی تردا بەمزووانە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە پاڵ دودادا وتی بڕیارێکی هاوبەش پێویستە، چونکە وڵاتێک بە تەنها ناتوانێت ژمارەیەکی کاریگەر لە تانک بدات بە ئۆکرانیا.

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤیێسکی ڕۆژی شەممە وتی پۆڵەندا نیازی نەبووە بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی فراوانتر تانکی لیۆپارد بدات بە ئۆکرانیا.

جێی ئاماژەیە تانکی لیۆپارد ئەڵمانیا دروستی دەکات، هەر وڵاتێک دووبارە ئەو تانکە هەناردەی هەر وڵاتێکی دیکە بکاتەوە ئەوا پێویستە ئەڵمانیا پەسەندی بکات.

ڕۆژی دووشەممە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی هێشتا پێی وایە پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هاوپەیماناندا سەبارەت بە ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا.

بەڵام ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ئەڵمانیا هیچ داواکارییەکی لە هاوپەیمانەکانییەوە پێنەگەیشتووە لەسەر ڕەوانەکردنی تانکی شەڕکەری لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG