Accessibility links

سکرتێری ناتۆ لە داڤۆس داوای چەکی زیاتر دەکات بۆ ئۆکرانیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت " ئۆکرانیا پێویستی بەوەیە چەکەکانی " بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکرێن، وتیشی ئەو جۆرە پشتیوانییە تەنها ڕێگەیە بۆ چارەسەرێکی ئاشتی گفتوگۆ لەسەرکراو.

ڕۆژی هەینی وەزیرانی بەرگری نزیکەی 50 وڵات و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بنکەی ئاسمانی ڕامستینی ئەڵمانیا کۆدەبنەوە، ئەمەش لە نوێترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.

ستۆڵتنبێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا لە داڤۆسی سویسرا وتی " ئەمە ساتێکی گرنگە لە جەنگەکەدا و پێویستە پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکرێن."

وتی " ئەگەر سبەینێ چارەسەرێکی ئاشتی گفتوگۆ لەسەرکراومان بوێت ئەوا ئەمڕۆ دەبێت چەکی زیاتر دابین بکەین."

پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتان لە ڕامستین لەسەر ئەوە نەبێت کە ئەمەریکا چی دابین دەکات، بەڵکو لەسەر ئەوە دەبێت کە ئایا ئەڵمانیا دژایەتییکردنەکەی لەسەر ڕەوانەکردنی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا لادەبات یاخود نا، یاخود لانیکەم ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە تانکانە لە وڵاتێکی دیکەوە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات.

ستۆڵتنبێرگ بە وریاییەوە قسەی لەسەر ئەو بابەتە کرد و وتی " گفتوگۆکان بەردەوامن "، هەروەها ستایشی بڕیارەکەی بەڕیتانیای کرد بۆ ڕەوانەکردنی تانکی چاڵێنجەری 2 بۆ ئۆکرانیا.

وتیشی بارودۆخی گۆڕەپانەکانی جەنگەکە لە ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جێگیر بوون، بەڵام شەڕە سەختەکەی ناو شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەریخست کە پێویستە چەکی زیاتر بدرێت بە ئۆکرانیا.

ستۆڵتنبێرگ وتی " سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هیچ ئاماژەیەکی دەرنەخستووە لەسەر ئەوەی ئامادەکاری بۆ ئاشتی بکات، لەبەر ئەوە دەبێت بۆی دەربکەوێت کە ناتوانێت لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا سەربکەوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG