Accessibility links

شۆڵز داکۆکی لە پابەندبوونی ئەڵمانیا دەکاتەوە لە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لەڕووی سەربازییەوە، هەرچەندە لە کۆگاکانیدا ئەو چەکانەی نەماوە کە بیاندات بە ئۆکرانیا، بەڵام لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و وڵاتانی دیکەدا کاردەکات بۆ ڕەوانەکردنی چەکی زیاتر.

شۆڵز لە ناوخۆی ئەڵمانیا و دەرەوەشدا ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە لەسەر ئەوەی گوایە ڕابەرێک نەبووە لە قەیرانەکانی ئۆکرانیادا. تەنانەت ئەندامانی حکومەتە هاوبەشەکەشی لە ئێستادا بە ئاشکرا تۆمەتباری دەکەن بەوەی لەبەردەم داواکانی ئۆکرانیادا بۆ ڕەوانەکردنی چەکی قورس دەلەرزێ.

دوای بەشداریکردنی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیشەوە، شۆڵز وتی هەماهەنگییان کردووە لەسەر ڕەوانەکردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ئۆکرانیا بتوانێت دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بەرگری لە خۆی بکات.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا تانکی لیۆپارد ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، شۆڵز وتی نەک تەنها بەرلین بەڵکو وڵاتانی ڕۆژئاواش ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی هەر چەکێک کە بتوانرێت دەستبەجێ ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت، ڕەوانە بکرێن.

بەرلین لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەڵمانیادا کاردەکات بۆ ڕەوانەکردنی چەکەکانی وەکو دژە تانک و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا.

شۆڵز وتی " ئەو پارەیەی پێویستە بۆ کڕینی ئەو چەکانە دابینی دەکەین."

سەرۆکی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی ئەڵمانیا ماری ئاگنێس ستراک زیمەرمان ڕەخنەی لە شۆڵز گرت لەسەر ئەوەی وردەکاریی زیاتری نەخستۆتە ڕوو.

زیمەرمان وتی " ئێمە لە ڕەوانەکردنی چەکەکاندا هێشتا لە دواوەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG