Accessibility links

بەڕیتانیا 14 تانکی سەرەکی سوپاکەی دەدات بە ئۆکرانیا


ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک ڕایگەیاند وڵاتەکە 14 تانکی سەرەکی سوپای بەڕیتانیا و تۆهاوێژی دیکە دەدات بە ئۆکرانیا.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا وتی یەکەیەکی 14 تانکیی چاڵێنجەری 2 لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەچنە ئۆکرانیاوە و پێشبینی دەکرێت 30 چەکی جۆری ئەی ئێس 90 دوای تانکەکان بدرێن بە ئۆکرانیا.

بەڕیتانیا ڕاشیگەیاند لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی تانک و چەکەکان.

وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە کاتێکدا خەڵکی ئۆکرانیا نزیک بوونەتەوە لە دووەم ساڵی ژیانیان لە ژێر بۆردومانە بێباکەکانی ڕووسیادا، سەرۆک وەزیر پابەندە بەوەی ئۆکرانیا لەم جەنگەدا سەربکەوێت."

وتیشی " لەگەڵ ڕاوێژکارە سەربازییەکاندا، شیکارییەکی بۆ دۆخە سەربازییەکە کردووە و تاوتوێی کاریگەرییە ستراتیژییەکەی پشتیوانییەکانی بەڕیتانیای کردووە و پێی وایە دەرفەتێک هەیە بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانی بتوانن کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان هەبێت."

ڕاگەیاندنەکە دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا بوو، سوناک " جەختی لە زیادکردنی پشتیوانییەکانمان کردۆتەوە بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش لە ڕێی دابینکردنی تانکی چاڵێنجەری 2 و سیستمی تۆپهاوێژی دیکەوە."

ئۆفیسەکەی سوناک وتی پشتیوانیەکانی بەڕیتانیا بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا، کە هەفتەی ڕابردوو ئەو وڵاتانەش ئاماژەیان بەوەدا کە ئوتومبێلی زریپۆش دەدەن بە ئۆکرانیا.

وتیشی وەزیری بەرگری بەڕیتانیا ڕۆژی دووشەممە زانیاری و وردەکارییەکانی پشتیوانییە سەربازییەکە بۆ ئۆکرانیا بۆ پەرلەمان دەخاتە ڕوو.

وتەبێژەکەی سوناک وتی " سەرۆک وەزیر و سەرۆک زێلێنسکی لەم بارەیەوە پێشوازییان لە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش کردووە، لەوانەش دابینکردنی یەکەیەکی تانکی لیۆپارد لەلایەن پۆڵەنداوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG