Accessibility links

وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە بۆ ڕەوانەکردنی تانکەکان بۆ ئۆکرانیا


 وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس

حکومەتی ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەسی وەکو وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا دەستنیشان کرد، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی فشارەکانی ڕۆژئاوادا بۆ سەر بەرلین بۆ ڕێگەپێدان بە گواستنەوەی ئەو تانکانەی کە دروستکراوی ئەڵمانین بۆ ئۆکرانیا.

ڕۆژی دووشەممە کریستین لامبرێخت دەستبەرداری پۆستەکەی بوو وەکو وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئەوەش پێش کۆنفرانسەکەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکادا لە بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕامستین، کۆنفرانسەکەش ئامانج لێی تاوتوێکردنی پلانەکانی ڕۆژئاوایە بۆ دابینکردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا.

تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا وریا بووە لە پەسەند کردنی گواستنەوەی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانیدا بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانیەوە لەسەر ئەوەی ئەم بڕیارە ڕەنگە وەکو پەرەدان بە جەنگەکە سەیر بکرێت. ئەو وڵاتانەی دیکەش کە تانکی لیۆپاردییان هەیە دەبێت ڕەزامەندی بەرلین وەربگرن پێش ئەوەی تانکەکان بدەن بە وڵاتێکی دیکە.

وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک لە بەیاننامەیەکدا وتی " بڕیاری گرنگ هەن دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا بدرێن، بە تایبەتی سەبارەت بە پرسی ئەوەی چۆن بەردەوام بین لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە مافی خۆیدا بۆ بەرگریکردن."

وتی " لێرەدا ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی هەیە و ئەرکی گەورەی هەیە ئەنجامی بدات."

پێشبینی دەکرێت وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە لە بەرلین میوانداری وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بکات.

پیستۆریەس لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکاندا خزمەتە سەربازییەکەی تەواو کردووە، لە ساڵی 2013 ەوە وەزیری ناوخۆ بووە لە لۆوەر ساکسۆنی، لەو ڕۆڵەشیدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکاندا کاری کردووە.

هاوشێوەی ڕاوێژکار ئۆلاف شۆڵز، پیستۆریەس لە ساڵی 2019 دا خۆی کاندید کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی پارتی سۆشیاڵ دیموکرات، بەڵام هەردووکیان شکستیان هێنا، بەوەش ناسراوە کە هەڵوێستی توندی هەیە سەبارەت بە پرسەکانی ئاسایش.

پیستۆریەس پێش ئەوەی بە فەڕمی دەستنیشان بکرێت، وتی دەزانێت ئەو ئەرکەی ڕووبەڕووی بۆتەوە چەند گرنگە. وتی " دەمەوێت هێزە چەکدارەکان بەهێز بکەم."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وەکو هاوڕێیەک و سیاسییەکی باش ناویبرد.

شۆڵز وتی " ئەو کەسێکە کە ئەزموونێکی زۆری هەیە لە سیاسەتی ئاسایشدا، لە ڕۆڵەکەی پێشوویدا بە ئاشکرا و بە کراوەیی هاوکاری سوپای ئەڵمانیای کردووە و ئەو هێز و ئارامییەی هەیە کە پێویستە بۆ ئەو جۆرە ئەرکە مەزنە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG