سەرکردایەتی سوپای ئەمەریکا لە ئەفریکا دەڵێت هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئەمەریکا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 30 چەکداری ئەل شەباب لە نزیک ناوەڕاستی شارۆچکەی گالکادی سۆماڵ، کە لەوێ هێزەکانی سۆماڵ لە شەڕێکی سەختتدا بوون.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئۆپەراسیۆنەکە، کە سوپای ئەمەریکا بە " هێرشێکی بە کۆمەڵ بۆ بەرگریکردنی لە خۆیان " ناویبردووە، ڕۆژی هەینی 260 کم لە باکووری موگادیشوی پایتەختەوە ڕوویداوە، لەو ناوچەیەشدا هێزەکانی سۆماڵ لەلایەن نزیکەی 100 چەکداری ئەل شەبابەوە هێرشییان کراوەتە سەر.
سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریکا وتی هیچ هاوڵاتییەکی بیانی لە هێرشەکەدا بریندار نەبووە، یاخود نەکوژراوە. وتیشی ئوتومبێلەکان تێکشکێندراون.
حکومەتی سۆماڵ و ئەل شەباب دەڵێن ڕۆژی هەینی چەکدارانی ئەل شەباب هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی سۆماڵ لە گالکاد و لانیکەم 7 سەربازییان کوشتووە. چەکدارەکان ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوییان تەقاندۆتەوە و تەقەیان کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا بەرپەرچدراونەتەوە.
وەزارەتی ڕاگەیاندنی سۆماڵ لە بەیاننامەیەکدا وتی لەگەڵ ئەوەدا کە ئەل شەباب حەوت سەربازییان کوشتووە، سەربازانی سۆماڵ 100 چەکداری ئەل شەبابییان کوشتووە و پێنج ئوتومبێلیان تێکشکاندووە کە چەکییان لە سەر بووە.
لە ساڵی 2006 ەوە ئەل شەباب دژی حکومەتی سۆماڵ دەجەنگێت تاوەکو دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگرێتە دەست و حوکمی ئیسلامی بەپێی وەرگێڕانی خۆیان بسەپێنێت بەسەر ئەو وڵاتەدا.
هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ئەل شەباب تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسییەیەی کە هەیەتی لەسەر سوپای سۆماڵ، ئەمەش سەرەڕای سەرکەوتنەکانی سوپای سۆماڵ لە ساڵی ڕابردوودا دژی چەکدارانی ئەل شەباب کە پەیوەستن بە ئەل قاعیدەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز