Accessibility links

سوپای ئەمەریکا دەڵێت لە هێرشێکی ئاسمانیدا ڕابەرێکی ئەل شەبابیان لە سۆماڵ کوشتووە

ئەل شەباب، سۆماڵ
ئەل شەباب، سۆماڵ

سوپای ئەمەریکا دەڵێت لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراوە ڕابەرێکی گروپی چەکداریی ئەل شەبابیان لە سۆماڵ کوشتووە، هاوکات گروپەکە بەرپرسیارێتی هێرشێکی دیکەیان ڕاگەیاند.

حکومەتی سۆماڵ دەڵێت ئەو ڕابەرەی کە کوژراوە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەل شەباب کە لە ساڵی 2006 ەوە بەهۆی تەقینەوەکانەوە دەیان هەزاران کەسی کوشتووە.

ڕابەرەکە ناوی عەبدوڵاهی نادر بووە و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری ئەل شەباب بووە.

وەزارەتی ڕاگەیاندنی سۆماڵ گوتی مەرگی نادر " چقڵێکی سەر گەلی سۆماڵ بوو لابرا."

گوتیشی " حکومەت سوپاسگوزاری گەلی سۆماڵ و هاوڕێ نێودەوڵەتییەکانیەتی، ئەوانەی کە یارمەتیدەر بوون لە کوشتنی ئەم ڕابەرەدا کە دوژمنی گەلی سۆماڵ بووە."

سەرکردایەتی سوپای ئەمەریکا لە ئەفریقا وتی ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 370 کم لە باشووری ڕۆژئاوای مۆگادیشۆی پایتەختەوە هێرشەکەی ئەنجامداوە.

هێزەکانی ئاسایشی سۆماڵ کە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هێزەکانی ئاشتی پارێزی یەکێتی ئەفریقا بانگەشەی ئەوە دەکەن لەم هەفتانەی دواییدا دەستکەوتیان هەبووە دژی ئەل شەباب.

بەڵام گروپی ئەل شەباب کە شەڕ دەکات بۆ لابردنی حکومەتی سۆماڵ کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی هێرشە کوشندەکانی، ڕۆژی هەینی دوو هێرشی ئەنجامدا و بەهۆیەوە لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستدا.

دەزگای هەواڵی سۆماڵ گوتی ڕۆژی دووشەممە دوو ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو لە ناوەڕاستی شاری بیلیدویندا تەقینەوە و لانیکەم 20 کەس کوژران و زۆرێکی دیکە بریندار بوون.

سێ هاوڵاتی ناوچەکە وتیان ئوتومبێلی سێیەم بە هێزەکانی ئاسایشدا تەقیوەتەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی دیکەی لێنەکەوتۆتەوە.

ئەل شەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، وتەبێژی گروپە چەکدارییەکە وتی دەیان کەس بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون، بە بەرپرس و سەربازەکانیشەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG