بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی حکومەتی سۆماڵدا لە ناوەڕاستی هەرێمی هیران کەسێک کوژرا و لانیکەم شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەو هێرشەش یەکێک بوو لەو دوو هێرشەی کە بە تەقاندنەوەی ئوتومبێل ئەنجام دران.
ڕێکخراوی ئەل شەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕاگەیاند، هێرشەکان بنکە سەربازییەکانی ناو شارۆچکەکانی جەلالالاقسی و بولۆباردییان لە هەرێمی هیران کردۆتە ئامانج.
لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سۆماڵ و چەکدارانی خێڵەکان کە هاوپەیمانی حکومەتی سۆماڵن هێرشێکی گەورەیان دژی چەکدارانی ئەل شەباب دەستپێکرد. ئەل شەباب لە ڕێی کۆمەڵێک هێرشەوە تۆڵەی سەندۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی خێڵەکان ئەل شەبابییان لە چەند ناوچەیەک دوورخستۆتەوە.
دوکاندارێک لە جەلالالاقسی، سەینەب عەبدوڵاهی، وتی " ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک پردەکە بە هێزەکانی حکومەتدا تەقییەوە." وتیشی لاشەیەک و شەش برینداری بژاردووە.
دانیشتوویەکی دیکەی جەلالالاقسی حوسەین ئەبدیاسیس وتی هێزەکانی حکومەت لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی هێرشبەرەکان تەقەیان لە ئوتومبێلێکی دیکەش کردووە کە ئەویش ویستوویەتی خۆی بتەقێنێتەوە.
وتی " دوای یەکەم تەقینەوە گوێمان لە دەنگی تەقەکردن بوو و دواتر گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەکی دیکە بوو."
لە ساڵی 2007 ەوە ئەل شەباب دژی حکومەتی سۆماڵ شەڕ دەکات، ئامانجیشی ئەوەیە وەرگێڕانی توندڕەویی خۆی بۆ یاساکانی ئیسلام بە زۆرەملێ بسەپێنێت.
لە ڕابردوودا لە ڕێی هێرشەکانی حکومەتەوە دوورخراوەتەوە، بەڵام خۆیان ڕێکخستۆتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە سوپای سۆماڵ لە توانایدا نەبووە تیایاندا بمێنێتەوە یاخود بیانگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز