Accessibility links

بەهۆی دوو تەقینەوەوە لە سۆماڵ لانیکەم 10 کەس دەکوژرێن


پۆلیس لە سۆماڵ دەڵێت بەهۆی تەقینەوەی دوو ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کە دامەزراوەیەکی سوپای سۆماڵییان کردۆتە ئامانج 10 کەس کوژراون، دامەزراوە سەربازییەکە لە ناوەڕاستی ئەو هەرێمەدا بووە کە هێزەکانی حکومەتی سۆماڵ دژی چەکدارانی ئەل شەباب دەجەنگن تیایدا.

هێرشەکە لە ناوچەی مەهاسی هەرێمی هیران ڕوویداوە. دانیشتوویەکی ناوچەکە عوسمان عەبدوڵاهی بە دەزگای ئەسۆشیەتد پرێسی وت " دەنگی تەقینەوەکە زۆر بەرز بوو و لە سەرانسەری شارۆچکەکەدا بیستراوە. چەندین برینداری هێرشەکەم ڕزگار کرد، بە سەرباز و ڕۆژنامەنووسەکانیشەوە کە تێکەڵی سەربازەکان ببوون."

بەرپرسی پۆلیس مەهەد عەبدولی بە دەزگاکەی وت ئوتومبێلەکان لە گەڕەکێکدا تەقینەوە کە پڕ بووە لە هاوڵاتیانی مەدەنی و لانیکەم 10 کەس کوژراون.

ئەل شەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

مەهاس ناوەندی هەڵمەتە سەربازییەکەی حکومەتی سۆماڵە دژی ڕێکخراوی ئەل شەباب و کە سەر بە ئەل قاعیدەیە و هەزاران چەکداری هەیە و ساڵانێکە چەند بەشێکی ناوەڕاست و باشووری سۆماڵییان کۆنتڕۆڵ کردووە. حکومەتی سۆماڵ بەڵێنیداوە ئەم ساڵ شکست بە ئەل شەباب بهێنێت.

سوپای سۆماڵ شان بە شانی میلیشیا ناوخۆییەکان ڕێگەیەکی سەرەکییان لە مەهاس کردەوە کە پێویستییەکانی پیادا تێپەڕ دەبێت و ماوەیەکی زۆرە لە ژێر گەمارۆدا بووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG