Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەکانەوە لە سۆماڵ لانیکەم 20 کەس کوژران


بەرپرسانی سۆماڵ دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی دوو تەقینەوەوە لە هەرێمی شابێل لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستداوە، سەرۆکی شارەوانی پایتەختی هەرێمەکەش لەنێو کوژراوەکاندا بووە.

گروپی چەکداریی ئەل شەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

یەکەم تەقینەوە کردەوەیەکی خۆکوژی بووە کە بەرپرسانی شاری مێرکای پایتەختی هەرێمی شابیلی کردۆتە ئامانج. تەقینەوەکە بووە هۆی کوژرانی سەرۆکی شارەوانی شارەکە عەبدوڵاهی عەلی وافۆ و 12 کەسی دیکە، لەنێویشیاندا ڕاوێژکارانی وافۆی تێدا بووە. ژمارەیەک لە پاسەوانەکانیشی برینداربوون.

بەرپرسێکی ئاسایشی هەرێمەکە لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت تەقینەوەکە لەنزیک بارەگای بەڕێوبەرایەتی مێرکاوە ڕوویداوە و ئامانج لێی سەرۆکی شارەوانی بووە.

سەرۆکی باشووری ڕۆژئاوا عەبدیعەزیز حەسەن موحەمەد سەرکۆنەی ئەل شەباب و خۆکوژەکەی کرد و وتی خۆکوژەکە بێباوەڕ و لەخۆبایی بووە، وتیشی کردەوە خۆکوژییەکان کێشەیەکن کە ڕووبەڕووی خەڵکی سۆماڵ بوونەتەوە لە هەر کوێیەکدا بن. وتی دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەر سۆماڵ، دڵنیام هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێش. خەڵکانی باشووری ڕۆژئاوا و حکومەت دەبێت بەڕووی تیرۆریستاندا بوەستنەوە.

هەر لە هەمان ڕۆژدا و لە ڕووداوێکی دیکەدا، بۆمبێک لە بازاڕێکی قەرەباڵغ لە شاری ئافگۆی سۆماڵ تەقییەوە. پۆلیس دەڵێت هێرشەکە لەڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە ئەنجامدراوە.

شایەتحاڵان و سەرچاوە تەندروستییەکان بە دەنگی ئەمەریکایان وت بەهۆی تەقینەوەکەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 کەسی دیکە برینداربوون. ڕاگەیاندنی ئەل شەباب وتی هێرشەکە دوو سەربازی کوشتووە، بەڵام بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕانەگەیاند.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG