Accessibility links

سوپای سۆماڵ بەرپەرچی هێرشێکی ئەل شەباب دەداتەوە


هەرێمی گالگادود، سۆماڵ
هەرێمی گالگادود، سۆماڵ

سوپای سۆماڵ دەڵێت بەرپەرچی هێرشێکی چەکدارانی گروپی ئەل شەبابییان داوەتەوە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی هەرێمی گالگادودی ناوەڕاستی وڵاتەکە.

هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکە لە گوندی قەیب لە ویلایەتی گالمودوگی ناوەڕاستی سۆماڵ ڕوویداوە.

بەرپرسانی ناوخۆی ویلایەتەکە لە ڕێی تەلەفونەوە بە دەنگی ئەمەریکایان وت هێرشەکە بە تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە دەستی پێکردووە و دوو کاتژمێر دوای ئەوەش شەڕێکی توند لە نێوان سوپای سۆماڵ و چەکدارانی ئەل شەبابدا ڕوویداوە.

کۆڵۆنێڵی سوپای سۆماڵ حەسەن جامیچی بە ڕادیۆی حکومەتی سۆماڵی وت سوپا زیانێکی زۆری گیانی بە چەکدارەکان گەیاندووە.

وتیشی چەکدارەکان لە کاتی نوێژی بەیانیدا هێرشەکەیان ئەنجامداوە و گوندەکە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپادایە. وتیشی ئەمە شەڕێکی ئاسایی نەبووە و چەکدارەکان بە تەواوی هێزییانەوە هێرشییان کردووە.

هێرشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت سۆماڵ ڕایگەیاند لە ماوەی چوار ڕۆژدا 200 چەکداری ئەل شەبابییان کوشتووە.

ئەو هاوڵاتیانەی ناوچەکە کە قسەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا کردووە دەڵێن گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی گەورە بووە و زیانی گیانی لە هەردوولا کەوتووە.

دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆی سۆماڵ ئاماژەی بەوەدا لە هێرشەکەدا بۆ سەر بنکەی سەربازیی ویلایەتی گالمودوگ لانیکەم 15 کەس کوژراون. بنکەکە دەکەوێتە 90 کم لە ڕۆژهەڵاتی بەڕێوبەرایەتی دوسەماریبی پایتەختی ویلایەتەکەوە.

لە دوای ئەوەی لە مانگی پێنجدا حەسەن شێخ موحەمەد سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە دەست و بەڵێنی " جەنگێکی سەرتاسەریدا " دژی ئەل شەباب، چەکدارانی گروپی ئەل شەباب هێرشەکانیان لە وڵاتەکەدا زیاتر کردووە. شارەزایان باوەڕییان وایە هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی گروپەکە لەبەر ئەوەیە کە هەست دەکەن بوونییان کەوتۆتە مەترسییەوە.

بەڕێوبەری ناوەندێکی توێژینەوەی ئاشتی لە موقادیشۆ، موحەمەد حوسەین گاس بە دەنگی ئەمەریکای وت ئێستا ئەل شەباب ڕووبەڕووی گەورەترین بەرهەڵستی بووەتەوە لەلایەن خەڵکەکەوە.

وتی " هەر کاتێک ئەل شەباب هەست بە مەترسی لەسەر بوونی بکات ئەوا هێرشەکانی زیاتر دەکات، ئەمجارە ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشە و شۆڕش و هێرشی خەڵکەکە بووەتەوە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی سوورن لەسەر کۆتایی هێنان بە ئەل شەباب بۆ هەمیشە."

لە ساڵی 2007 ەوە گروپی چەکداری ئەل شەباب دژی حکومەتی سۆماڵ و هێزەکانی ئاشتی پارێزی یەکێتی ئەفریقا شەڕ دەکات.

مانگی ڕابردوو لە دوو تەقینەوەی ئوتومبێلدا لە پایتەختی سۆماڵ کە ئەل شەباب بەرپرسیارێتیەکەی ڕاگەیاند زیاتر لە 100 کەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG