Accessibility links

حکومەتی سۆماڵ: 88 چەکداری ئەل شەباب لە هەرێمی شابیلی ناوەڕاست کوژراون


سەربازانی سوپای نیشتیمانی سۆماڵ لە هەرێمی شابیلی ناوەڕاست، سۆماڵ
سەربازانی سوپای نیشتیمانی سۆماڵ لە هەرێمی شابیلی ناوەڕاست، سۆماڵ

جێگری وەزیری ڕاگەیاندنی سۆماڵ عەبدیڕەحمان یوسف ئەل عەدالە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای نیشتیمانی سۆماڵ و میلیشیای خێڵە هاوپەیمانەکاندا لە هەرێمی شابیلی ناوەڕاست 88 چەکداری ئەل شەباب کوژراون.

وەزیرەکە گوتیشی هێزەکانی نیشتیمانی سۆماڵ شکستیان بە چەکدارەکان هێناوە کە خۆیان لەو ناوچانەدا ڕێکخستۆتەوە، هێزەکان گوندی جوهایشیان گرتۆتەوە. هەروەها لاشەی چەکدارە کوژراوەکانیش کۆدەکەنەوە.

دامەزرێنەری کۆمپانیای ئاسایشی ئیگڵ ڕەینج لە سۆمان عەبدیسەلام گولید گوتی سەرکەوتنەکە دژی ئەل شەباب لە شابیلی ناوەڕاست پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ هەڵمەتەکەی هێزەکانی حکومەت و میلیشیا ناوخۆییەکان.

بەڵام گوتیشی ڕەخنە هەیە لەسەر ئەوەی شەڕەکەی دژ بە ئەل شەباب لەلایەن هێزەکانی خێڵەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و هێزەکانی حکومەت تەنها بەشداری تێدا دەکەن. هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕەنگە حکومەت کۆنتڕۆڵی هەڵمەتەکە لە دەست بدات ئەگەر ڕێگە بدات میلیشیاکان ڕابەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان بکەن.

گوتیشی لە هەرێمی هییران شەڕەکەی دژ بە ئەل شەباب لەلایەن خێڵی هاوادلەوە ڕابەرایەتی کرا و سەرکەوتوو بوو، ئێستاش شەڕەکە لە هەرێمی شابیلی ناوەڕاست لەلایەن خێڵی ئابگالەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و حکومەت وەکو بەشداربووەیەک ڕۆڵ دەبینێت.

گولید کە پێشتر جێگری بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری سۆماڵ بووە، گوتی حکومەت پێویستی بەوەیە پێش ئەوەی بەرەی دیکەی شەڕ لە شوێنی دیکە بکاتەوە هەوڵێکی یەکدەست بدات بۆ تەواوکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هێشتا لە هەرێمەکانی ناوەڕاستدا ماون و تەواو نەبوون.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی فیدڕاڵی سۆماڵ ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی نوێ لە جوبالاند و هەرێمەکانی باشووری ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات، بەڵام شیکەرەوەکانی ئاسایش دەڵێن ئەو جۆرە کارە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو سەرچاوانەی لە بەردەستدان و ڕووبەرێکی فراوانتری شەڕکردن دەدەن بە ئەل شەباب.

گولید گوتی حکومەت دەبێت تاوەکو کۆتایی مانگی یەک پلانێکی شەڕ دابنێت. وتیشی ئامانجی دواتر دەبێت شارۆچکەی هاراردیهیر بێت کە هێشتا شوێنی سەرەکی ئەل شەبابە لە ناوەڕاستی سۆماڵدا.

سەرۆک وەزیری سۆماڵ حەمزە بەڕی لەم هەفتەیەدا لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ گوندی عەدەن یابال کە لەمدواییانەدا کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە لە شابیلی ناوەڕاست، وتی چەکدارانی ئەل شەباب دەبێت تەنانەت لە مزگەوتەکانیشدا لە ناوببرێن.

لەمدواییانەدا حکومەتی فیدڕاڵی سۆماڵ گوتی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لەگەڵ ملیشیاکانی خێڵەکاندا کە بە هێزەکانی بەرگری کۆمەڵگەش ناسراوە، زیاتر لە 600 چەکداری ئەل شەباب کوژراون و دەیان گوند لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG