Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا ژمارەی موشەکەکانی دژە کەشتی لە ژاپۆن زیاد دەکات


سێ بەرپرسی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزییان وت ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی موشەکەکانی دژە کەشتی لە ژاپۆن زیاد دەکات، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەوڵە بەرفراوانەکان بۆ ڕێگریکردن لە چین.

سەرەڕای ئەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە ژاپۆن ناگۆڕدرێن، ڕەوانەکردنی موشەکەکان ڕەنگە یەکەمین ڕاگەیاندنی سەربازیی ئەمەریکا بێت لە زنجیرەیەک لەم ساڵدا لە ئاسیا، کە ئامانج لێی ئەوەیە چین ناچار بکات دوو جار بیر بکاتەوە پێش ئەوەی هەر ململانێیەک دروست بکات.

ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن کە دوابەدوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆکردن دێت، ڕۆژی چوارشەممە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ هاوتا ژاپۆنییەکانیاندا ڕادەگەیەندرێت.

ئۆستن ڕۆژی پێنجشەممە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازو هامادادا کۆدەبێتەوە ، دواتریش ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.

ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە مانگی ڕابردوو کیشیدا ستراتیژییەکی نوێی بۆ بەرگری و ئاسایشی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە گەورەترین ستراتیژی ژاپۆنە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پلانێکی پێنج ساڵەی بۆ بەرگری و ئاسایشی وڵاتەکە ڕاگەیاند کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو بابەتە بیریشی لێنەدەکرایەوە، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکانی ژاپۆندا سەبارەت بە کارەکانی چین لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی هاوپەیمانێتییەکەی ئەمەریکا و ژاپۆن دەبێت دڵنیا بێت لەوەی " زیان بە لایەنی سێیەم و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە نەگەیەنێت."

بەرپرسەکانی ئەمەریکا وتیان موشەکە دژە کەشتییەکان لە ژێر یەکەیەکی نوێکراوەی مارێنزی ئەمەریکادا کە پێکهاتوون لە 2000 سەرباز دەگەنە ژاپۆن، هێزەکە سەنگ دەخاتە سەر هەواڵگری پێشکەوتوو و چاودێری و گواستنەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە تاوەکو ساڵی 2025 تەواو ببێت.

وتیشیان یەکەیەکی جیای سوپای ئەمەریکا کە نزیکەی 300 سەرباز دەبن و 13 کەشتییان هەیە لەم بەهارەدا ڕەوانە دەکرێن بۆ یارمەتیدانی گواستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ژاپۆن و کەلوپەلەکانیان، ئەوەش پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی هێزەکان خێراتر دەکات.

ژاپۆن نیگەرانە سەبارەت بە فشارەکانی چین بۆ سەر تایوان، لە کاتێکدا کە چین دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دوورگەکەدا بسەپێنێت.

تایوان و ژاپۆن پەیوەندییەکی دیبلۆماسی فەڕمییان نیە، بەڵام پەیوەندییەکی نزیکی نافەڕمییان هەیە و نیگەرانی هاوبەشییان هەیە سەبارەت بە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی چین لە ناوچەکەدا.

ژاپۆن میوانداری 18,000 مارێنزی ئەمەریکی کردووە، ئەوەش گەورەترین ژمارەی سەربازانی ئەمەریکایە لە دەرەوەی ئەمەریکا. زۆربەیان لە بنکە سەربازییەکانی دوورگەی سەرەکی ئۆکیناوان، کە ئەوەش بەشێکە لە زنجیرەیەک دوورگە کە بە درێژایی دەریای ڕۆژهەڵاتی چین درێژ بوونەتەوە و نزیکەی 100 کم لە تایوانەوە دوورە.

بوونی هێزە زۆرەکەی ئەمەریکا لە ژاپۆن هاوڵاتیانی ئۆکیناوای بێزار کردووە، حکومەتی ئۆکیناوا داوا دەکات ناوچەکانی دیکەی ژاپۆنیش میوانداری هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا بکەن. کۆی گشتی سەربازانی ئەمەریکا لە ژاپۆن نزیکەی 54,000 سەربازن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG