Accessibility links

کیشیدای ژاپۆن لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایش


سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا
سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا گەشتە هەفتەیییەکەی دەست پێدەکات کە مەبەست لێی پتەوکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی ژاپۆنە لەگەڵ ئەوروپا و بەڕیتانیادا و سەنگ خستنەسەر هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لە واشنتن.

کیشیدا لە ماوەی گەشتەکەیدا سەردانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و کەنەدا و بەڕیتانیا دەکات، ئەو وڵاتانەش هەندێکن لە ئەندامانی کۆمەڵەی حەوت و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ژاپۆن پەیوەندییە بەرگرییەکانی لەگەڵیاندا زیاتر کردووە. یەکەم وێستگەی گەشتەکەی فەڕەنسا دەبێت و ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دەگاتە پاریس.

کیشیدا لە ماوەی ڕابردوودا وتی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا جەخت لە پتەوی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکا دەکاتەوە و هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی دوو وڵاتەکە چۆن بتوانن لە ژێر ستراتیژی نوێی بەرگری و ئاسایشی ژاپۆندا لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەن.

ژاپۆن لە مانگی دوانزەدا چەند چاکسازییەکی سەرەکی لە ئاسایش و بەرگری وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، لەوانەش توانای ژاپۆن لە هێرشی ئاسمانی پێچەوانەدا کە ئەوەش گۆڕانکارییەک دەبێت لە سیاسەتی سەربازی ژاپۆندا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تەنها بەرگریکردن بووە. ژاپۆن دەڵێت ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانەی کە ئێستا لە ژاپۆندا هەن کاریگەر نین لە پاراستنی وڵاتەکە لە چەکەکانی کۆریای باکوور و چین کە بە خێرایی پەرەیان پێدەدەن.

کیشیدا وتی ستراتیژییە نوێیەکە بۆ سەرۆک بایدن ڕوون دەکاتەوە، کە بەپێی ستراتیژییەکە ژاپۆن بەرگرییەکانی لە دوورگەکانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە پتەوتر دەکات کە دەکەونە نزیک تایوانەوە، بە یۆناگونی و ئیشیگاکیشەوە. لە ئێستادا لەو دوو ناوچەیەدا بنکەی سەربازیی نوێ دروست دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە کیشیدا بە کەناڵی ئێن ئێچ کەی ژاپۆنی وت " تاوتوێی پتەوتر کردنی هاوپەیمانێتییەکەی ژاپۆن و ئەمەریکا دەکەین، تاوتوێی ئەوە دەکەین چۆن پێکەوە ناوچەیەکی ئازاد و کراوەی ئیندۆ پاسێفیک بە دەست بخەین."

بەپێی ستراتیژییە نوێیەکەی ژاپۆن، ژاپۆن پلانی دەبێت لە ساڵی 2026 دا موشەکی کروزی مەودا درێژ جێگیر بکات کە لە توانایاندا هەیە بگەنە چین، لە ماوەی پێنج ساڵدا بودجەی بەرگری وڵاتەکە دوو هێندە دەکات.

ستراتیژییە نوێیەکەی ژاپۆن لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن وهەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسەوە بە باشی پێشوازی لێکراوە. شارەزایان دەڵێن ستراتیژییە نوێیەکە هاریکارییەکانی نێوان هاوبەشە سەرەکییەکانی ناوچەکە، ئوستڕاڵیا و کۆریای باشوور فراوانتر دەکات.

بەرپرسانی ژاپۆن دەڵێن لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە کۆشکی سپی، پێشبینی دەکرێت سەرۆک بایدن و کیشیدا تاوتوێی چین و بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور و جەنگەکەی ڕووسیا بکەن لە ئۆکرانیا.

هاریکارییەکان لە بواری ئاسایشی ئابووریشدا یەکێک دەبێت لە بابەتەکان. هەفتەی ڕابردوو وەزیری پیشەسازی و ئابووری ژاپۆن یاسوتۆشی نیشیمورا لەگەڵ وەزیری بازرگانی ئەمەریکا جینا ڕایمۆندۆدا لە واشنتن کۆبوونەوە و باسیان لە گرنگی کارکردنی دوو وڵاتەکە کرد پێکەوە بۆ پەرەدان بە تەکنەلۆجیا نوێیەکان و پاراستنیان، بە نیمچە گەیەنەرەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکانیشەوە.

بەرپرسانی ژاپۆن دەڵێن لە ماوەی گەشتەکەیدا کیشیدا هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە سەربازییە دوو قۆڵییەکانیش دەدات لەگەڵ چوار وڵاتی دیکەدا.

دروستکردنی فڕۆکەی شەرکەری نوێی ئێف – ئێکس لەگەڵ ئیتاڵیا و بەڕیتانیادا کە بڕیارە لە ساڵی 2035 دا بخرێنە کارەوە، یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە کیشیدا لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ لەندەن و ڕۆما باسی لێوەدەکات.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG