سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا بەڵێنیدا لە ژێر سیاسەتی نوێی بەرگری وڵاتەکەدا هاوپەیمانێتی ژاپۆن لەگەڵ ئەمەریکادا قوڵتر بکاتەوە.
کیشیدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سەردانی واشنتن دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا و جەختکردنەوە لە پتەویی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکا، هەروەها تیشک خستنەسەر هاریکارییەکی نزیکتری دوو وڵاتەکە لە ژێر ستراتیژی نوێی بەرگری و ئاسایشی ژاپۆندا، کە مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا.
سەردانەکەی دواتری کیشیدا بۆ ئەمەریکا بەشێکە لە سەردانەکانی بۆ زۆربەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات. ئەم ساڵ ژاپۆن میوانداری کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت دەکات لە هیرۆشیما. کیشیدا وتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدن " زۆر گرنگ دەبێت و گرنگتر دەبێت لە پیشاندانی ڕووخسارم وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی حەوت."
کیشیدا وتی " هاوپەیمانێتییەکی بەهێزتری ژاپۆن و ئەمەریکا پیشانی سەرانسەری جیهان دەدەین، کە ناوەڕۆکی ئاسایش و دیبلۆماسی ژاپۆنە. هاریکارییەکی زیاتریش پیشان دەدەین بۆ بە دەستهێنانی ناوچەیەکی ئازاد و کراوەی ئیندۆ پاسێفیک."
ژاپۆن لە ژێر پلانە نوێیەکەیدا بۆ بەرگری و ئاسایشی وڵاتەکە، سەدان موشەکی کروزی تۆماهۆک و موشەکە مەودا درێژەکانی دیکە لە ئەمەریکا دەکڕێت، ئەوەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هەر هێرشێک، هەروەها بەرگرییەکانیشی لە باشووری ڕۆژئاواوە پتەوتر دەکات، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە تایوان.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ژاپۆن دەڵێن پێشبینی دەکرێت ژاپۆن و ئەمەریکا گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەوەی هاریکارییەکانی نێوانیان چۆن دەبێت ئەگەر ململانێ لە تایوان ڕووبدات.
سەرچاوە/ AP
سەرۆک وەزیری ژاپۆن بەڵێن دەدات هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕووی بەرگرییەوە قوڵتر بکاتەوە
