بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دواتر لەم مانگەدا لە کۆشکی سپی میوانداری سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا دەکات، لە کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی بابەتەکانی ئابووری و ئاسایش دەکەن.
وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی لە کۆبوونەوەکەی 13 ی مانگی یەکدا باس لە بەرنامەکانی چەکی ئەتۆمی و موشەکی باڵیستیکی کۆریای باکوور دەکرێت، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی دیکەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە. وتیشی تاوتوێی بابەتەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و گۆڕانی کەش و هەوا و سەقامگیری لە تەنگەی تایواندا دەکرێت.
جین پیێر وتی " سەرۆک بایدن جەخت لە پشتیوانی تەواوی خۆی دەکاتەوە بۆ ستراتیژیی ئاسایشی نیشتیمانی ژاپۆن کە لەمدواییانەدا ڕاگەیەندرا، پشتیوانی لە سەرۆکایەتییەکەی دەکات لە کۆمەڵەی حەوتدا و هەروەها پشتیوانی لە خولەکەی ژاپۆن دەکات وەکو ئەندامێکی ناهەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا."
وتیشی " دوو سەرۆکەکە ئاهەنگیش دەگێڕن بە بۆنەی بەهێزیی بێپێشینەی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆنەوە."
دوایین جار دوو سەرۆکەکە لە مانگی یانزەدا لە میانەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە بالی ئیندۆنیسا کۆبوونەوە.
سەرچاوە/ AP