Accessibility links

تایوان سەرکۆنەی مەشقە سەربازییەکانی چین دەکات لە نزیک تایوان


تایوان سەرکۆنەی چینی کرد لەسەر ئەنجامدانی دووەمین مەشقی سەربازیی شەڕکردن لە دەوروبەری تایوان لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، وەزارەتی بەرگری تایوان وتی 57 فڕۆکەی چینی بینیوە بەشدارییان لە مەشقەکەدا کردووە.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، تایوانیش دەسەڵاتی چین ڕەت دەکاتەوە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چین فشارە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکانی بۆ سەر تایوان زیاتر کردووە.

سەرکردایەتی سوپای ڕۆژهەڵاتی چین وتی هێزەکانی " مەشقێکی سەربازیی ئێشکگری و شەڕکردنیان " لە دەریا و ئاسمانی دەوروبەری تایواندا ئەنجامداوە، مەشقەکانیش سەنگییان خستۆتە سەر هێرشکردن لە دەریا و وشکانییەوە.

وتیشی ئامانجی مەشقەکان تاقیکردنەوەی توانای هاوبەشی شەڕکردن و " بەرپەرچدانەوەی کردەوە وروژێنەرەکانی هێزە دەرەکییەکان و هێزە جیاخوازەکانی تایوان " بووە.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی تایوان وتی چین " تۆمەتی بێ بنەما " ئاڕاستەی تایوان دەکات و بە توندی سەرکۆنەی مەشقەکان دەکەین، وتیشی ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان و ناوچەکە بەرپرسیارێتی هاوبەشی تایوان و چینە.

وتیشی هەڵوێستی تایوان زۆر ڕوونە، نامانەوێت پەرە بە ململانێکان بدەین یاخود ناکۆکی زیاتر دروست بکەین، بەڵام بە توندی بەرگری لە سەروەری و ئاسایشی تایوان دەکەین.

وتی " سوپای تایوان لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەنگەی تایوان و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات و بە ئارامی وەڵام دەداتەوە. گەلەکەمان دەتوانن دڵنیا بن لەوە."

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 57 فڕۆکەی چینی و چوار کەشتی هێزی دەریایی بینیوە لە دەوروبەری تایوان کارییان کردووە، 28 فڕۆکەیان بەسەر ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا فڕیون.

وتیشی هەندێک لەو 28 فڕۆکەیە هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاندووە، کە هێڵێکی نافەڕمییە و سنووری چین و تایوان لە یەکتر جیا دەکاتەوە، لە نێو فڕۆکەکاندا فڕۆکەی شەڕکەری سو – 30 و جەی – 16 یان تێدا بووە، هاوکات دوو فڕۆکەی بۆمبڕێژی ئەتۆمیش بەرەو باشووری تایوان فڕیون.

مانگی ڕابردوو چین مەشقێکی هاوشێوەی ئەنجامدا و تیایدا 43 فڕۆکەی چینی هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاند.

چین هەرگیز بەکارهێنانی هێزی بە دوور نەزانیوە بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووشدا بەردەوام سنووری ئاوی و ئاسمانی نزیک تایوانی بەزاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG