Accessibility links

چین ' مەشقی هێرشی ئاسمانی ' لە دەوروبەری تایوان ئەنجام دەدات


سوپای چین دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە مەشقی " هێرشی ئاسمانی " لە دەریا و ئاسمانی دەوروبەری تایواندا ئەنجام داوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ " کارە وروژێنەرەکانی تایوان و ئەمەریکا."

تایوانی دیموکراتخواز کە پەکین دەڵێت بەشێکە لە خاکی چین، وتی مەشقەکان دەریانخست کە چین ئاشتی ناوچەکە لە ناودەبات و هەوڵ دەدات گەلی تایوان بترسێنێت.

لە مانگی هەشتدا دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان، چین مەشقی سەربازیی گەورەی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا، ڕۆژی شەممەش سەرکۆنەی ئەمەریکای کرد لەسەر یارمەتییە نوێیە سەربازییەکەی بۆ تایوان.

لە بەیاننامەیەکی کورتدا سەرکردایەتی سوپای ڕۆژهەڵاتی چین وتی " ئەرکێکی ئێشکگری شەڕکردن و مەشقی هێرشی ئاسمانی هاوبەشی " لە دەوروبەری تایوان ئەنجامداوە. بەڵام بە دیاریکراوی ئاماژەی بە شوێنی مەشقەکە نەدا.

وتی " ئەمە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ پەرەسەندی هاوکارییەکان و کارە وروژێنەرەکان لەلایەن ئەمەریکا و تایوانەوە."

وتیشی " هێزەکانی سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی چین سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە."

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی کارەکانی چین " جارێکی دیکە تیشکییان خستە سەر شێوازی بیرکردنەوەی چین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێی هێز و لە ناوبردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەوە."

وەزارەتەکە وتی هاریکارییەکانی نێوان تایوان و ئەمەریکا یارمەتیدەرن لە کراوەیی و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا، هەروەها تایوان بەردەوام دەبێت لە پتەوکردنی سوپاکەی بەپێی مەترسی دوژمن و پێویستییەکانی تایوان بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

وتیشی " کارە سەربازییەکانی کۆمیونیستە چینییەکان بە ئاشکرا دیارە مەبەست لێیان ترساندنی گەلەکەمانە و گونجاو نین بۆ وێنەی چین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG