Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت نیگەرانە سەبارەت بە ' چالاکییە سەربازییە وروژێنەرەکەی ' چین لە نزیک تایوان


کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی چین لە نزیک تایوان و بە " وروژێنەر و ناسەقامگیرکەر " ناویبرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی تایوان لە پاراستنی توانایەکی کاریگەری بەرگریکردن لە خۆی، ئەوەش بەپێی پابەندبوونی درێژخایەنمان و بە شێوەیەک کە لەگەڵ سیاسەتی یەک چینماندا بگونجێت."

حکومەتی تایوان ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 71 فڕۆکەی هێزی ئاسمانی چین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕکەریشەوە هاتوونەتە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایوانەوە، ئەمەش تاوەکو ئێستا گەورەترین بەزاندنی ئاسمانی تایوان بووە لەلایەن چینەوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان لە ڕاپۆرتێکدا وتی لە فڕۆکەکان 43 فڕۆکەیان هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاندووە کە هێڵێکی نافەڕمییە و سنووری تایوان و چین لە یەکتر جیا دەکاتەوە و دەکەوێتە نێو ناوچەی بەرگرییەوە.

دەزگای فەڕمی ناوەندی تایوان وتی ئەوە گەورەترین بەزاندنی ئاسمانی تایوان بوو لەلایەن هێزی ئاسمانی چینەوە، لەم ساڵانەی ڕابردوودا چین فشار و چالاکییە سەربازییەکانی لە دەوروبەری تایوان زیاد کردووە.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و لە ماوەی ڕابردوودا وتی مەشقێکی " هێرشی ئاسمانی " لە دەریا و ئاسمانی دەوروبەری تایواندا ئەنجام دەدات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ یارمەتییە سەربازییە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ تایوان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG