Accessibility links

تورکیا هاووڵاتیانی لە ئەمەریکا و ئەوروپا ئاگادار دەکاتەوە لە مەترسی هێرشکردنە سەریان


تورکیا هاوڵاتیانی لە ئەمەریکا و ئەوروپا ئاگادار کردەوە سەبارەت بە مەترسی " هێرشی ئیسلامۆفۆبیا و ترس لە بێگانە و ڕەگەزپەرستی " لە ئەمەریکا و ئەوروپادا، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا هاووڵاتیانی خۆیان لە تورکیا ئاگادار کردەوە سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی لەو وڵاتەدا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئاگادارییەکدا داوای لە هاووڵاتیانی کرد لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا " بە هێمنی مامەڵە بکەن بە ڕووی ئەگەری هەر هێرش و بێزارکردنێکی ڕەگەزپەرستی و ترس لە بێگانەدا و خۆیان بە دووربگرن لەو ناوچانەی کە لەوانەیە خۆپیشاندانەکان تیایاندا زیاتر ببن."

وەزارەتەکە وتی زیادبوونی " کارەکانی دژ بە ئیسلام و ڕەگەزپەرستی " ڕەنگدانەوەی ڕەهەندێکی مەترسیداری قبوڵنەکردنی ئایین و ڕق و کینەیە لە ئەوروپادا.

ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک لە باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی جیهان لە ئەنکەرە، بە باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیاشەوە ئاگادارکردنەوەیەکی ئاسایشیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاووڵاتیانی خۆیانیان لە تورکیا لە مەترسی " ئەگەری ڕوودانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە دژی پەرستگاکان لەلایەن تیرۆریستانەوە " ئاگادار کردەوە.

ئەم ڕووداوانە دوای ڕووداوەکانی سوتاندنی قورئان دێن لە ئەوروپا. هەفتەی ڕابردوو لە خۆپیشاندانێکدا لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم قورئان سوتێندرا. وەزارەتی دەرەوەی سویدیش بە هەمان شێوە داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لە تورکیا خۆیان بە دووربگرن لە قەرەباڵغی و خۆپیشاندانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG