Accessibility links

تاڵیبان: دوو ئەندامی باڵای ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان کوژراون


وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت لەم هەفتانەی دواییدا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئاسایشی تاڵیباندا دوو ئەندامی باڵای ڕێکخراوی داعش لە وڵاتەکە کوژراون.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی هێزەکانی تاڵیبان بەرپرسی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوی داعش قاری فاتحیان لە هێرشێکدا لە کابوڵ کوشتووە.

ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێکخراوی داعش هەواڵی کوژرانی فاتحی پشتڕاست کردەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا لە ئۆپەراسیۆنێکی جیادا لە کابوڵ سێ ئەندامی ڕێکخراوی داعش کوژراون، یەکێک لە کوژراوەکان ئیجاز ئەمین ئاهینگار بووە کە سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوەکە بووە.

موجاهید وتی ژمارەیەک لە ئەندامانی دیکەی داعش بە بیانییەکانیشەوە پلانی ئەنجامدانی هێرشی کوشندەیان داڕشتووە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئەوانیش دەستگیرکراون.

ڕێکخراوی داعشی خۆراسان کە لقێکی سەر بە داعشە لە هەرێمی خۆراسان، ڕکابەری سەرەکی تاڵیبانە لە ئەفغانستاندا. لە دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، گروپە چەکدارییەکە هێرشەکانیان لە ئەفغانستان زیاتر کردووە، ئامانجەکانیان چەکدارانی تاڵیبان و کەمینە شیعەکانی ئەفغانستان بوون.

لە مانگی یەکدا لە زنجیرەیەک هێرشدا کە ئەندامە دیارەکانی داعشییان کردە ئامانج، هەشت چەکداری داعش کوژران و نۆ چەکداری دیکە دەستگیرکران.

هێرشەکان لە کابوڵی پایتەخت و هەرێمی نیمرۆز ئەو چەکدارانەی داعشییان کردۆتە ئامانج کە هێرشەکانیان بۆ سەر هۆتێلی لۆنگان و باڵیۆزخانەی پاکستان و فڕۆکەخانەی سەربازی کابوڵ ڕێکخستبوو.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوە کوشندەکەی نزیک خاڵێکی پشکنینی فڕۆکەخانەی سەربازی کابوڵ ڕاگەیاند، وتیشی ئەنجامدەرانی هێرشەکە هەمان ئەو چەکدارانە بوون کە بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر هۆتێلی لۆنگانی پایتەختدا کرد لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەدا.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر هۆتێلە چینییەکە ڕاگەیاند، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چین داوا لە هاوڵاتیانی بکات " بە زووترین کات " ئەفغانستان جێبهێڵن.

لەمدواییانەشدا ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی پاکستانی لە کابوڵ ڕاگەیاند، لە بینایەکی نزیکەوە تەقە لە باڵیۆزخانەکە کرا و ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی پاکستان و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG