بەرپرسێکی تاڵیبان دەڵێت کۆمەڵێک چەکدار هێرشییان کردووەتە سەر هۆتێلێکی کابوڵی پایتەخت کە میوانداری بیانییەکانی کردوو و لەو هێرشەدا 3 چەکداریان کوژراون.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی دوو کەسی بیانی دانیشتووی هۆتێلەکە بریندار بوون کاتێک لە پەنجەرەکانەوە خۆیان هەڵداوەتە دەرەوە تاوەکو هەڵبێن. دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن گوێیان لە دەنگی تەقینەوە و تەقەکردن بووە، وێنە و گرتە ڤیدیۆکانیش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە پیشانی دەدەن دووکەڵ لە بیناکەوە بەرز دەبێتەوە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرا لە کابوڵ ڕایگەیاند تەقینەوەیەک و شەڕە تەقەیەک هەبووە لە نزیک هۆتێلێک کە نزیکەی کیلۆمەترێک لە نەخۆشخانەکەوە دوورە. وتیشی " تاوەکو ئێستا 21 قوربانیمان وەرگرتووە، سێ کەسییان لە کاتی گەیشتنیاندا گیانیان لە دەستدا بوو."
وتەبێژی سەرۆکی پۆلیسی تاڵیبان لە کابوڵ خالید زادران وتی هێرشەکە چەند کاتژمێرێکی خایاندووە. وتیشی ئەرکێکی " پاککردنەوە " دەستیپێکردووە.
هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە دوای ئەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتەوە دەست، ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان کە بە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان ناسراون و دوژمنی تاڵیبانن، هێرشەکانیان زیاتر کردووە.
دانیشتوویەکی گەڕەکی شاری ناو کە لە ترسی تۆڵەی بەرپرسانی تاڵیبان نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت گوێی لە دەنگی تەقینەوە و تەقەکردن بووە، هێرشەکەش لەو گەڕەکەدا ڕوویداوە.
دانیشتوویەکی دیکەی شاری ناو کە بە هەمان شێوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگاکەی وت شەڕە تەقەکە هێشتا ماوە. وتیشی خۆی و خێزانەکەی لە ناو ماڵەکەیاندا ماونەتەوە کە سێ گەڕەک لە شوێنی هێرشەکەوە دوورە.
وتەبێژی سەرۆکی پۆلیسی کابوڵ خالید زادران وتی هێزەکانی تاڵیبان بەپەلە گەیشتوونەتە ناوچەکە و سەرجەم ئەو شەقامانەیان گرتووە کە دەچنەوە سەر شوێنی هێرشەکە.
سەرچاوە/ AP