Accessibility links

دوای هێرشەکەی کابوڵ، چین داوا لە هاوڵاتیانی دەکات ئەفغانستان جێبهێڵن


ڕۆژی سێشەممە چین داوای لە هاوڵاتیانی کرد لە ئەفغانستان " بە زووترین کات " ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەش دوابەدوای هێرشەکەی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر هۆتێلێک لە ناوەڕاستی کابوڵدا کە خاوەندارێتی هۆتێلەکە چینییە.

ئاگادارییەکەی چین وادەردەکەوێت شکستێک بێت بۆ تاڵیبانی ئەفغانستان کە هەوڵی وەبەرهێنانی بیانی دەدەن لە وڵاتەکەدا بە هیوای ئەوەی ئابووری ئەفغانستان لە لەناوچوون ڕزگار بکەن.

ڕێکخراوی داعش کە ڕکابەری سەرەکی تاڵیبانە لە ئەفغانستان، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر هۆتێلی لۆنگانی کابوڵی ڕاگەیاند، کە تیایدا سێ هێرشبەر کوژران و لانیکەم دوو میوانی هۆتێلەکە بریندار بوون لە کاتێکدا کە هەوڵیاندەوە لە پەنجەرەکەوە خۆیان هەڵبدەن تاوەکو هەڵبێن.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی هێرشەکە " زەق " بووە و چین " توشی شۆک " بووە.

وانگ وتی پەکین داوای " لێکۆڵینەوەیەکی چڕی کردووە " و داوای لە حکومەتەکەی تاڵیبان کردووە " ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە و بەهێز بگرنەبەر بۆ دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی هاوڵاتیان و دامەزراوە و پڕۆژەکانی چین لە ئەفغانستاندا."

وانگ وتیشی باڵیۆزخانەی چین لە کابوڵ تیمێکی خۆی ڕەوانەی شوێنەکە کردووە تاوەکو یارمەتیدەر بن لە دابینکردنی پێداویستی و ڕزگارکردن و چارەسەرکردنی قوربانییانی هێرشەکە.

وتیشی " بە لەبەرچاو گرتنی ڕەوشی ئاسایشی ئێستای ئەفغانستان، وەزارەتی دەرەوە جارێکی دیکە داوا لە هاوڵاتیانی چینی و دامەزراوەکان دەکات لە ئەفغانستان بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG