Accessibility links

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەی ئوتومبێلەکەی ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت


ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەی ئوتومبێلەکەی ئەفغانستانی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوخۆ لە وڵاتەکەدا.

دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕێکخراوی داعشی خۆراسان کە لقێکی سەر بە داعشە هێرشەکانی لە وڵاتەکەدا زیاتر کردووە.

بەیانی ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی پۆلیسی هەرێمی باداخشانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان عەبدولحەق ئەبو عومەر بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە نزیک بارەگاکەی کوژرا.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان عەبدول نافی تاکور وتی بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو کەسی دیکە کوژراون و دوو کەسیش بریندار بوون. چوار گومانلێکراوی پەیوەست بە ڕووداوەکەوە دەستگیرکراون.

ڕێکخراوی داعش لە بەیاننامەیەکدا وتی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوی لەسەر ئەو شەقامە وەستاندووە کە سەرۆکی پۆلیسی ناوچەکە لە بەکاریهێناوە بۆ چوونی بۆ سەر کارەکەی، لە کاتێکدا کە نزیک بۆتەوە ئوتومبێلەکە تەقێندراوەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا داعش بەرپرسیارێتی هێرشێکی ڕاگەیاند کە کرایە سەر هۆتێلێکی کابوڵی پایتەخت کە خاوەنەکەی چینی بووە، لە ئەنجامدا سێ کەس لە هێرشبەرەکان کوژران و لانیکەم دوو میوانی هۆتێلەکە بریندار بوون.

هێرشەکەی سەر هۆتێلی لۆنگان لە کابوڵ حکومەتی چینی ناچار کرد داوا لە هاوڵاتیانی بکات ئەفغانستان جێبهێڵن.

ئەو ئاگادارییەی چینیش وادەردەکەوێت شکستێک بێت بۆ تاڵیبان لە کاتێکدا کە هەوڵی بە دەستهێنانی وەبەرهێنانی بیانی دەدات لە وڵاتەکەدا، ئەوەش بە هیوای ئەوەی ئابووری وڵاتەکە باشتر بکاتەوە کە لە لێواری ڕووخاندایە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG