Accessibility links

ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج: بڕیارەکانی تاڵیبان دژی ژنان کارەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان پەکدەخەن


سکرتێری گشتی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی ئیان ئیگلاند
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی ئیان ئیگلاند

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج ئیان ئیگلاند بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت " مشتومڕە ناوخۆیی و بڕیارە توندڕەوەکانی " تاڵیبان کارە مرۆییەکان لە ئەفغانستان پەکدەخەن.

ئیان ئیگلاند بە سەردانێکی یەک هەفتەیی گەیشتە ئەفغانستان و مەبەست لە سەردانەکەشی گفتوگۆکردنە لەگەڵ ڕابەرانی تاڵیباندا بۆ لابردنی بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا.

لە دوای بڕیارەکەی تاڵیبانەوە، ئیگلاند یەکەمین سەرۆکی ڕێکخراوێکی ناحکومییە سەردانی ئەفغانستان بکات و گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیباندا بکات.

تاڵیبانی ئەفغانستان کارکردنی ژنانی لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان قەدەغە کردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی کە گوایە کارمەندە ژنەکان بە شێوەیەکی ڕاست سەرپۆشی ئیسلامییان نەکردووە. قەدەغەکردنەکە دوای چەند بڕیارێکی دیکە هات کە خوێندنی ژنانیان لە زانکۆکان قەدەغە کرد.

ڕێکخراوە مرۆییەکان و حکومەتە بیانییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ژنان زۆر گرنگن بۆ گەیاندنی یارمەتییە پێویستەکان لە ئەفغانستان و داوا دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە. زۆرێک لە ڕێکخراوەکان کارەکانیان لە ئەفغانستان ڕاگرت، هۆشدارییان داوە لەسەر کەوتنەوەی دەرەنجامێکی زۆر مەترسیدار و کوشندە لەسەر دانیشتوانی ئەفغانستان کە بەهۆی دەیان ساڵ جەنگەوە دەناڵێنن و ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و مرۆیی بوونەتەوە.

ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی دەڵێت لە ساڵی 2003 ەوە لە ئەفغانستان کاردەکات و 470 کارمەندی ژنی هەیە. ساڵی ڕابردوو یارمەتی زیاتر لە 840,000 کەسیان داوە و لەم ساڵدا بە نیاز بووە یارمەتی 700,000 ئەفغانی بدات.

ئیگلاند وتی لە کابوڵ و شاری قەندەهار لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا کۆدەبێتەوە.

پێشتریش لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تاڵیبان و وەزیری ئابووری تاڵیباندا کۆبۆتەوە کە سەرەتا ئەو بوو قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا ڕاگەیاند. وتیشی ئەوانەی لە کابوڵ بوون زیاتر ئامادەییان تێدا بوو بۆ گەڕاندنەوەی ژنان بۆ سەر کارەکانیان، ئەوەش بەهۆی ڕۆڵی سەرەکییانەوە لە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکاندا.

ئیگلاند لە چاوپێکەوتنێکدا لە ئۆفیسی گروپەکەی لە کابوڵ وتی " هەموویان دەڵێن دەیانەوێت ئێمە بەردەوام بین لە کارکردن و هیوادارن بتوانین بەبێ ژنان بەردەوام بین. بەڵام کاتێک من دەڵێم نامانەوێت یاخود ناتوانین تەنها بە پیاوەکانمانەوە کاربکەین، ' بەرپرسانی تاڵیبان ' بۆیان دەردەکەوێت کە لە ئێستادا دانیشتوانی وڵاتەکە بە تەواوەتی پشتییان بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بەستووە، خۆراک و پاککەرەوە و پەناگە."

وتی ژنان پێویستن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ژناندا، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ماڵەکانیاندا بە تەنهان. ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن بەهۆی نەریتە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکانی ئەفغانستانەوە مەحاڵە پیاوان بتوانن ئەم کارە بکەن، لە کاتێکدا کە تاڵیبان خۆی تێکەڵبوونی ژنان و پیاوانی قەدەغە کردووە.

دوو بەرپرسی ڕێکخراوە مرۆییەکان بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسییان وت پێیان وایە وەزیرەکانی تاڵیبان لە کابوڵ دەیانەوێت ژنان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا، بەڵام بڕیارەکە پەیوەستە بە سەرکردایەتی تاڵیبانەوە لە قەندەهار.

ئیگلاند وتی وەزیری ئابووری تاڵیبان " نامەیەکی بۆ ناردووین کە لە ڕابەری باڵای تاڵیبانەوە هاتووە و دەڵێت دەبێت سەرجەم کارەکان ڕابگرن." وتیشی دەچێت بۆ قەندەهار چونکە " بڕیارە فیکری و ئاینییەکان لەوێوە دەدرێن."

ئیگلاند وتی " مشتومڕە ناوخۆیی و بڕیارە توندڕەوەکانی تاڵیبان کارەکانمانی پەکخستووە."

وتیشی مەحاڵە بتوانێت ڕابەری باڵای تاڵیبان ببینێت لە قەندەهار، بەڵام هیوادارە کاربکاتە سەر کەسانی دەوروبەری.

ئیگلاند وتی " ئایا ئەمە بڕیارێکی ئاینییە لە کاتێکدا هەندێک لە ژنان کارناکەن و هەندێکی دیکەیان کاردەکەن؟ ئەمە بە تەواوەتی بیری لێنەکراوەتەوە. ناتوانین تەنها کارمەندە پیاوەکانمان کاربکەن چونکە لەو کاتەدا ناتوانین یاسا و ڕێکارەکانی تاڵیبان پەیڕەو بکەین."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG