Accessibility links

سێ ڕێکخراوی ناحکومی کارەکانیان لە ئەفغانستان ڕادەگرن


دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان فەرمانییان بە سەرجەم ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کارکردنی ژنان لە نێو ڕێکخراوەکانیاندا قەدەغە بکەن، سێ ڕێکخراوی ناحکومی ڕایانگەیاند چیتر لە ئەفغانستان کارناکەن.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهان و کەیر و ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج وتیان " پڕۆگرامەکان ڕادەگرین، داوا دەکەین پیاوان و ژنان بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان بەردەوام بن لە یارمەتییە گرنگەکانمان لە ئەفغانستان."

ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی ئابووری تاڵیبان لە نامەیەکدا وتی هەر ڕێکخراوێک نەتوانێت فەرمانەکە جێبەجێ بکات ئەوا مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەندرێتەوە. ئەمەش نوێترین سەرکوتکاری تاڵیبانە دژ بە دەستڕاگەیشتنی ژنان بە ژیانی گشتی.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی شەممە وتی " ژنان زۆر گرنگن بۆ ئەرکە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم بڕیارە دەکرێت ڕووخێنەر بێت بۆ گەلی ئەفغانی."

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک وتی فەرمانەکە بێزاری کردووە و " کاری ژمارەیەکی زۆر لەو ڕێکخراوانە دەخاتە مەترسییەوە کە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا یارمەتی بێدەسەڵاتەکان دەدەن، بە تایبەتی و کچان و ژنانی ئەفغانی."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG