Accessibility links

ژنانی ئەفغانستان خۆپیشاندان دەکەن دژی قەدەغەکردنی خوێندنیان لە زانکۆکاندا


چالاکەوانێک دەڵێت کۆمەڵێک ژنی ئەفغانی خۆپیشاندانێکیان لە کابوڵی پایتەختی وڵاتەکە ئەنجامدا دژی فەرمانەکەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان و کچان لە زانکۆکاندا، وتیشی هەندێکیان دەستگیرکراون.

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ کۆتوبەند خستنەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستاندا، ڕۆژی سێشەممە وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان فەرمانی بە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان کرد ڕێگە نەدەن ژنان بخوێنن تیایاندا.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە خۆپیشاندەران لە کابوڵ هاوار دەکەن " ژنانیان لە زانکۆکان دەرکرد، ماف بدەن بە هەمووان یاخود مەیدەن بە کەس."

خۆپیشاندەرێک بە فرانس پرێسی وت " هەندێک لە کچەکان " لەلایەن ئەفسەرە پۆلیسە ئافرەتەکانەوە دەستگیرکراون. دووانیان ئازاد کران، بەڵام هەندێکی دیکەیان هێشتا دەستبەسەرن.

دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، خۆپیشاندانەکان بە ڕابەرایەتی ژنان لە ئەفغانستان زۆر دەگمەن بوون، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەوانان لە دەستپێکی ئەم ساڵدا.

بەشداربووان لە خۆپیشاندانەکاندا مەترسی ئەوەیان لەسەرە دەستگیر بکرێن و کاری توندوتیژییان بەرامبەر بکرێت.

ژنان سەرەتا ویستوویانە لەبەردەم زانکۆی کابوڵدا کۆببنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئاسایش جێگیرکراون لەوێدا، شوێنەکەیان گۆڕیوە.

فەرمانەکەی ڕۆژی سێشەممەی تاڵیبان بۆ ڕێگریکردنی خوێندنی ژنان لە زانکۆکان لەلایەن ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتی موسوڵمانی دیکەوە سەرکۆنەکرا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG