Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە تاڵیبان دەکات " کۆتوبەندە خراپەکان " لەسەر ژنان لاببات


سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تاڵیبان دەبێت دەستبەجێ سیاسەتەکانی دژ بە کچان و ژنانی ئەفغانستان هەڵبوەشێنێتەوە، هاوکات سەرکۆنەی " دەرەنجامە خراپەکانی " ئەو سیاسەتانەی تاڵیبانی کرد.

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەر وڵاتێک ئەگەر نیوەی دانیشتوانەکەی دووربخاتەوە ناتوانێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ژیان و ئابوورییەوە پەرەبسەنێت."

وتیشی " ئەم کۆتوبەندە ناتەواوانە کە سەپێندراون بەسەر ژنان و کچاندا نەک تەنها ئازاری سەرجەم ئەفغانییەکان زیاتر دەکەن، بەڵکو دەترسم مەترسیی لەسەر دەرەوەی سنوورەکانی ئەفغانستانیش هەبێت."

وتیشی ئەو سیاسەتانە کۆمەڵگەی ئەفغانی ناسەقامگیر دەکات.

ئاماژەشی بەوەدا " داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەکەم دڵنیا ببنەوە لەوەی ڕێزگرتن لە کچان و ژنان و پاراستنیان ببیندرێن و ببیسترێن، هەروەها بەشدارییان پێبکرێت و یارمەتیدەر بن لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی وڵاتەکەدا."

ڕۆژی شەممە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان کارکردنی کارمەندانی ژنییان لە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ناو ئەفغانستان قەدەغە کرد. پێشتریش خوێندنی ژنانی لە زانکۆکان و خوێندنی ئامادەیی بۆ کچان قەدەغە کردووە.

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ وتی " ئەم بڕیارە نوێیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەرەنجامێکی زۆر خراپی دەبێت لەسەر ژنان و سەرجەم خەڵکی ئەفغانستان."

وتیشی " قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا مافی بە دەستهێنانی داهات بۆ خۆیان و خێزانییان لێدەسەنێتەوە، هەروەها مافی کارکردنییان بۆ پەرەدان بە وڵاتەکەیان و باشبوونی هاوڵاتیانی وڵاتەکە لێدەسەنێتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو قەدەغەکردنەکە " بە شێوەیەکی بەرچاو توانای ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پەکدەخات." وتیشی لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان ڕووبەڕووی وەرزی زستان بۆتەوە و لەم کاتەشدا پێویستییەکان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان لە بەرزترین ئاستدان.

ڕۆژی یەکشەممە چەند ڕێکخراوێکی ناحکومی ڕایانگەیاند کارە مرۆییەکانیان لە ئەفغانستان ڕادەگرن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG