Accessibility links

تاڵیبان خوێندنی کچان لە زانکۆکان ڕادەگرێت


مەلا نەدا محەمەد نەدیم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان
مەلا نەدا محەمەد نەدیم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان بڕیاریان دا خوێندنی کچان لە زانکۆکانی ئەفغانستان ڕابگرن، سەرەڕای داواکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پابەندبوون بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لەوانە مافی خوێندن و فێربوون.

بەپێی هەواڵەکان لە ئەفغانستانەوە، مەلا نەدا محەمەد نەدیم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانێکی نووسراوی ناردووە بۆ هەموو زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی وڵاتەکەی، تیایدا نووسیویەتی " هەموو ئاگادارکراونەتەوە دەستبەجێ ئەم فەرمانە جێبەجێ بکرێت کە خوێندنی کچان ڕابگیرێت هەتا ئەو کاتەی لە بڕیارێکی نوێ ئاگاداردەکرێنەوە."

ضیائوڵڵا هاشمی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ئەفغانستان لە پەیامێکی لە ڕێگەی تویتەرەوە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پرێس، هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەم قەدەغەکردنی خوێندنەی کچان لە زانکۆ پاش کەمتر لە 3 مانگ دێت کە بە هەزاران کچی ئەفغانی تاقیکردنەوەی گشتییان لە خوێندنگە ئامادەییەکان ئەنجام دا بەو هیوایەی لە کۆلێژ و زانکۆکانی وڵاتەکەیان وەربگیرێن و درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن.

تاڵیبان وردە وردە کۆتوبەندەکانی جارانی سەرلەنوێ بەسەر کچان و ژنان دەسەپێنێتەوە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری ژنانی لە زۆر کاری حکومی دەرکردووە یان ڕەوانەی ماڵەوەی کردوونەتەوە و موچەیەکی کەمیان دەداتێ. هەروەها فەرمانی کردووە ژن نابێت بەبێ پیاوێک لە خێزانەکەی گەشت بکات.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG