Accessibility links

نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تاڵیباندا کۆبۆوە


نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان مارکوس پۆتزێل
نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان مارکوس پۆتزێل

نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان مارکوس پۆتزێل لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ئەفغانستان کۆبۆوە و تاوتوێی بڕیارەکەی تاڵیبانیان کرد بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە زانکۆکاندا. پۆتزێل یەکەم بەرپرسی نێودەوڵەتییە دوای بڕیارەکەی تاڵیبان لەگەڵ ئەو وەزیرەدا کۆببێتەوە.

لە 20 ی مانگی دوانزەدا تاڵیبان فەرمانی بە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان کرد دەستبەجێ خوێندنی ژنان لە زانکۆکاندا قەدەغە بکەن. ئەوەش لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتی جیهانەوە سەرکۆنە کرا، بە هەندێک لەو وڵاتانەشەوە کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان موسوڵمانن، وەکو سعودیە و قەتەڕ و تورکیا.

وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ئەفغانستان نیدا موحەمەد نەدیم داکۆکی لە بڕیاری قەدەغەکردنەکە کرد، وتی ئەو بڕیارە پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی ڕەگەزەکان و باوەڕیشی وایە هەندێک لە بابەتەکان بنچینەکانی ئیسلام پێشێل دەکەن.

دوابەدوای ئەو بڕیارەش، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان فەرمانییان بە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کارکردنی ژنان تیایاندا قەدەغە بکرێت، بە هەمان شێوە بڕیارەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنەکرا و هەندێک لە ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییە گەورەکانیش کارەکانیان لە ئەفغانستان ڕاگرت.

شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان وتی پۆتزێل لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نەدیم داوای کردووە بەپەلە ئەو قەدەغەکردنانە لاببرێن، دەڵێت ئەفغانستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی قەیرانەکانەوە. وتیشی " قەدەغەکردنەکەی تاڵیبان دژی خوێندنی ڕەگەزی مێینە و کارکردنیان بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان زیان بە سەرجەم ئەفغانییەکان دەگەیەنێت."

وتەبێژی وەزارەتەکە زیاوڵا هاشمی وتی نەدیم بە پۆتزێلی وتووە وەزارەتەکە کاردەکات بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەفغانییەکان، ئەوەش لەگەڵ پاراستنی ئیسلام و بەها نیشتیمانییەکانەوە.

وتیشی ڕکابەرەکان ڕەخنە لە جێبەجێکردنی کاروباری ئیسلامی دەگرن، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی خوێندنەوە وەکو ئامڕازێک بۆ بە دەستهێنانی " ئامانجە خراپەکانیان."

نەدیم بە پۆتزێلی وت " پێویستە دڵنیا ببینەوە لەوەی هیچ شوێنێکیان نەبێت ڕەخنەی لێبگرن و لە هەمان کاتیشدا سەرجەم خواستەکانی ئەفغانییەکان بهێنینەدی کە قوربانییان داوە بۆ دەسەڵاتی ئیسلامی و جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعە لە وڵاتەکەدا."

وتیشی فەرمانڕەوایانی ئەفغانستان داوای هیچ کەسێک لە ژێر فشاردا دژی بنچینەکانی ئیسلام پەسەند ناکەن.

وتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان وتی پۆتزێل سوپاسی نەدیمی کردووە بۆ کاتەکەی و وتوویەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەر وڵاتێکدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە.

پۆتزێل بەڵێنیداوە هاریکاری بکات لە پەرەدان بە وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەفغانستان و لەگەڵ نەدیمدا پلانەکانی باس کردووە بۆ خوێندنی کچان و ژنان لەو وڵاتەدا.

پۆتزێل لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەمەبەستی تاوتوێکردنی سەرکوتکارییەکان دژی ژنان و کچانی ئەفغانستان لەگەڵ وەزیری ئابووری تاڵیبان قاری دین موحەمەد حەنیف ' کە بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی دەرکرد لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا " و جێگری سەرۆک وەزیری تاڵیبان عەبدول سەلام حەنەفی و وەزیری ناوخۆی تاڵیبان سیراجودین حەقانی و سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان حامید کارزایدا کۆبۆتەوە.

کۆبوونەوەکانی پۆتزێل لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە تیایدا تاوتوێی دۆخی ئەفغانستان دەکەن، کۆبوونەوەکەش بڕیارە لە 13 ی مانگی یەکدا ئەنجام بدرێت.

نەدیم کە پێشتر فەرمانڕەوا و سەرۆکی پۆلیس و فەرماندەیەکی سەربازی بووە، لە مانگی 10 دا لەلایەن ڕابەری باڵای تاڵیبانەوە وەکو وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان دەستنیشانکرا، پێشتریش بەڵێنیدا بوو خوێندنی سیکولاری لە ناوببات. دژایەتی خوێندنی کچان و ژنان دەکات و دەڵێت ئەوە دژی بەهاکانی ئیسلام و ئەفغانستانە.


سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG