Accessibility links

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر بڕیارەکەی تاڵیبان کۆدەبنەوە


بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەیان ڕێکخراوی ناحکومی کە لە ئەفغانستان کاردەکەن لەسەر چۆنێتی بەردەوام بوون لە کارەکانیان لە وڵاتەکەدا کۆدەبنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تاڵیبان فەرمانی بە سەرجەم ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کارکردنی کارمەندە ژنەکانیان قەدەغە بکەن.

فەرمانەکەی تاڵیبان دەستبەجێ لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوەکانەوە سەرکۆنەکرا و هۆشداریش دەدەن لەسەر کاریگەریی فەرمانەکە لەسەر یارمەتییەکان لە وڵاتێکدا کە ملیۆنان هاوڵاتی پشتییان بەو یارمەتییانە بەستووە.

وەزارەتی ئابووری تاڵیبان ڕۆژی شەممە هۆشداریدا و گوتی هەر ڕێکخراوێک نەتوانێت فەرمانەکە جێبەجێ بکات ئەوا مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەندرێتەوە.

ئەفسەری زانیاری گشتی لە ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاپیوا گۆمۆ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " بڕیارە دواتر لەمڕۆدا تیمی مرۆیی وڵاتەکە کۆببنەوە و تاوتوێی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکەدا بکەن."

تیمی مرۆیی وڵاتەکە پێکهاتووە لە بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی دەیان ڕێکخراوی ناحکومی ئەفغانی و نێودەوڵەتی کە هەماهەنگی دەکەن لە دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکاندا لە سەرانسەری ئەفغانستان.

هەندێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان گوتیان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەوە دەکرێت ئایا سەرجەم کارەکانی یارمەتییە مرۆییەکان لە وڵاتەکەدا ڕابگیرێت یاخود نا.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕوونکردنەوەی لە تاڵیبان کردووە سەبارەت بە فەرمانەکە، هەروەها سەرکۆنەی بڕیارەکەی وەزارەتی ئابووری تاڵیبانی کرد.

گوتی " دەرکردنی ژنان بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە سەرجەم بوارەکانی گشتی و ژیانی سیاسییدا وڵاتەکە بەرەو دواوە دەبات، هەوڵەکان بۆ هەر ئاشتی و سەقامگیرییەک لە وڵاتەکەدا دەخاتە مەترسییەوە."

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی قەدەغەکردنەکە " ڕووخێنەر " دەبێت بۆ ئەفغانییەکان و " یارمەتییە گرنگەکان بۆ ملیۆنان خەڵک تێکدەدات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG