Accessibility links

کۆریای باشوور: کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی هەڵدەدات


کۆریای باشوور و ژاپۆن دەڵێن کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی بە ئاڕاستەی دەریای کەناری ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی کۆریا هەڵداوە، ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور " بە توندی سەرکۆنەی " پیۆنگیانگی کرد لەسەر زیادکردنی گرژییەکان.

ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی دوو موشەکە مەودا ناوەندەکەی کۆریای باکوور نزیکەی 500 کم ڕۆیشتوون.

جێگری وەزیری بەرگری ژاپۆن تۆشیرۆ ئینۆ وتی وادەرکەوتووە موشەکەکان لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری تایبەتی ژاپۆن کەوتبێتنە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.

ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی " موشەکە باڵیستیکییەکانی کۆریای باکوور بە گۆشەی بەرز هەڵدراون و لە دەریای ڕۆژهەڵات کەوتوونەتە خوارەوە."

وتیشی " بەرپرسانی هەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمەریکا شیکارییەکی چڕ ئەنجام دەدەن، ڕەوتەکانی ئەمدواییانەی پەیوەست بە گەشەی موشەکەکانی کۆریای باکوورەوە دەخەنە ڕوو."

ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باکوور کۆبوونەوەیەکی لەسەر موشەکەکەی کۆریای باکوور ئەنجامداوە و " بە توندی سەرکۆنەی " زیادکردنی گرژییەکان دەکات لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

وتیشی کارە بەردەوامە وروژێنەرەکانی کۆریای باکوور و پەرەدان بە چەکە ئەتۆمی و موشەکییەکانی زاتر ڕژێمی کۆریای باکوور زیاتر دەخەنە مەترسییەوە.

لەم ساڵدا کۆریای باکوور ژمارەیەکی بێپێشینە موشەکی تاقیکردۆتەوە، بە موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕیشەوە کە لە توانایدا هەیە بگاتە سەر خاکی ئەمەریکا، ئەمەش سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئەو وڵاتە.

لە مانگی یانزەدا کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە کە بەرپرسانی ژاپۆن وتیان مەودای تەواوی هەیە تاوەکو بتوانێت بگاتە سەر خاکی ئەمەریکا و تەنها 200 کم دوور لە ژاپۆنەوە کەوتە خوارەوە.

ڕۆژی هەینی ژاپۆن پلانێکی 320 ملیار دۆلاری ڕاگەیاند بۆ پتەوکردنی سوپای وڵاتەکە، بەپێی پلانەکەش ژاپۆن جۆرە موشەکێک دەکڕێت کە لە توانایدا هەبێت بگاتە چین و ئامادەی دەکات بۆ ئەگەری ڕوودانی ململانێ لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG