Accessibility links

کۆریای باکوور چوار موشەک هەڵدەدات


کۆریای باکوور چوار موشەکی دیکەی هەڵدا، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور بەردەوام بوون لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکەیان کە وەکو وەڵامێک بۆ موشەک هەڵدانەکانی کۆریای باکوور لەم هەفتەیەدا ڕۆژێک درێژکرانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور وتی موشەکەکان بە خێرایی 130 کم ڕۆیشتوون و گەیشتوونەتە بەرزایی 20 کم بەسەر دەریای ڕۆژئاواوە.

لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەکو ئێستا کۆریای باکوور 30 موشەکی هەڵداوە، هەندێک لەو موشەکانە بوونە هۆی ئەوەی لە هەندێک شوێنی کۆریای باشوور و ژاپۆندا زەنگی ئاگادارکردنەوەی موشەک لێبدرێت. ڕۆژی پێنجشەممەش کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە، بەڵام بەپێی هەواڵەکان لە کاتی هەڵدانەکەیدا شکستی هێناوە.

ڕۆژی هەینی کۆریای باشوور فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕەوانە کرد دوای ئەوەی 180 گەشتی سەربازیی کۆریای باکوور لە نزیک سنووری نێوان دوو وڵاتەکەوە بیندرا.

ڕۆژی شەممە لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشووردا دوو فڕۆکەی تۆپهاوێژی بی 1 بی ستراتیژی ئەمەریکی بەشدارییان کرد.

ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئەلبانیا و فەڕەنسا و نەرویج و ئیرلەندا بوو.

10 ئەندامە ناهەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە هەریەک لە هیندستان و بەڕازیل و مەکسیکیش لە خۆدەگرێت، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانیان کرد لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی هەڵدانی 59 موشەک لەم ساڵدا لەلایەن کۆریای باکوورەوە " ترسناکە."

وتیشی " ئەوەی کە هێندەی ئەوە ترسناکە بێدەنگییە کەڕییەکەی ئەنجومەنەکەیە لەسەر ئەم پرسە." ئەنجومەنەکە لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە بڵاونەکردۆتەوە و سزاکانیشی بۆ سەر پیۆنگیانگ زیاد نەکردووە.

گرینفیڵد وتی هۆکاری بێدەنگی ئەنجومەنەکەش ئەوەیە کە چین و ڕووسیا دژایەتی هەر بڕیارێک دەکەن دژی کۆریای باکوور بێت، چین داوای کردووە سزاکانی سەر پیۆنگیانگ کەم بکرێنەوە. چین و ڕووسیا ئاماژەشیان بەوە داوە کە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور هۆکاری زیادبوونی گرژییەکانن لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

جێی ئاماژەیە چین و ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە دژی هەر بڕیارێک کە لە ئەنجومەنەکەدا پێشنیار بکرێت.

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای لە ئەمەریکا کرد " زیادکردنی گرژییەکان بە شێوەیەکی تاکلایەنانە و ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕابگرێت و لە ڕێی وەڵامدانەوەی نیگەرانییە ڕەواکانی کۆریای باکوورەوە " دڵسۆزیی پیشان بدات.

باڵیۆزی چین ژانگ جون وتیشی " لەسەر پرسی نیمچە دوورگەی کۆریا، ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت ڕۆڵێکی بونیادنەرانەی هەبێت نەک هەمیشە جەخت لەسەر فشارەکان بکاتەوە."

ڕووسیاش بە هەمان شێوە ئەمەریکای بە تۆمەتی زیادکردنی گرژییەکان تۆمەتبار کرد.

جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئانا ئێڤستینیڤا وتی " بە داخەوە تێبینیمان کردووە ڕەوشەکەی ئەمدواییانەی نیمچە دوورگەی کۆریا بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە، هۆکاری ئەمەش ڕوونە: ئارەزووی واشنتن بۆ ناچارکردنی پیۆنگیانگ تاوەکو بە تەنها هەر خۆی چەکەکانی دابماڵێت، ئەوەش لە ڕێی سزاکان و فشار کردنەوە."

ڕۆژی هەینی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانی کرد لەلایەن کۆریای باکوورەوە و داوای لە پیۆنگیانگ کرد " کارە بێباکەکانی ڕابگرێت."

یاریدەدەری سکرتێتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان موحەمەد خالید خەیری وتی " سکرتێری گشتی داوا لە کۆریای باکوور دەکات دەستبەجێ بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن. هەروەها داواشی کردووە لایەنە سەرەکییەکان هەوڵە دیبلۆماتییەکانیان دەستپێبکەنەوە، بە ئامانجی دەستکەوتنی ئاشتییەکی پارێزراو و تەواوکردنی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG