Accessibility links

کۆریای باکوور 23 موشەک هەڵدەدات، یەکێکیان بۆ یەکەمین جار لە نزیک کەناری کۆریای باشوور دەکەوێتە خوارەوە


ڕۆژی چوارشەممە کۆریای باکوور لانیکەم 23 موشەکی هەڵدایە ناو دەریاوە و یەکێکیان کەمتر لە 60 کم لە کەنارەکانی کۆریای باشوورەوە کەوتە خوارەوە، سەرۆکی کۆریای باشوور یون سوک یۆلیش ئەم کارەی کۆریای باکووری بە " دەستدرێژیکردنە سەر خاک " ناوبرد.

لەو کاتەوە کە نیمچە دوورگەی کۆریا دابەش کرا، ئەمە یەکەمین جارە موشەکێکی باڵیستیکی کۆریای باکوور لە نزیک کەنارەکانی کۆریای باشوورەوە بکەوێتە خوارەوە، هەروەها زۆرترین موشەکیشە کە کۆریای باکوور لە تەنها یەک ڕۆژدا هەڵیدابێتن. کۆریای باشوور زەنگی ئاگادارکردنەوەی هاتنی موشەکی لێدا و وەکو وەڵامێک موشەکەکانی خۆی هەڵدا، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی ناوچەکە لە زیادبووندان.

موشەکەکە لە دەرەوەی سنووری ئاوی کۆریای باشوور کەوتە خوارەوە، بەڵام کەوتە باشووری هێڵی سنووریی باکوورەوە، کە ناوچەیەکی جێناکۆکی لەسەری سنووری ئاوی ناوەوەی کۆریایە.

سوپای کۆریای باشوور وتی وەکو وەڵامێک فڕۆکە جەنگییەکانی کۆریای باشوور سێ موشەکی ئاسمان بۆ زەوییان هەڵدایە هێڵی سنووری باکوورەوە. بەرپرسێک وتی یەکێک لەو چەکانەی بەکارهاتوون بریتییە لە ئەی جی ئێم – 84 ئەیچ / ئێس ئێڵ ئەی ئێم – ئی ئاڕ، کە دروستکراوی ئەمەریکایە و بۆ ئەنجامدانی هێرشی ورد بەکاردەهێندرێت و دەتوانێت تاوەکو بەرزایی 270 کم بفڕێت و بۆمبێکی 360 کیلۆگرامی هەڵبگرێت.

هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن کۆریای باشوورەوە دوای ئەوە هات ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور بەڵێنی " وەڵامێکی خێرا و توندیدا " تاوەکو کۆریای باکوور " باجی کارە وروژێنەرەکانی " بدات.

ئۆفیسی سەرۆکی کۆریای باشوور وتی " کارە وروژێنەرەکەی ئەمڕۆی کۆریای باکوور دەستدرێژیکردن بوو بۆ سەر خاک لە ڕێی ئەو موشەکانەوە کە بۆ یەکەمین جار لە دوای دابەشبوونی کۆریاوە چوونەتە ناو هێڵی سنووریی ئاوی باکوورەوە."

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور وتی موشەکەکەی کۆریای باکوور یەکێک بووە لەو سێ موشەکە باڵیستیکییە مەودا کورتانەی کە لە ناوچەی وۆنسۆنی کەنار دەریای کۆریای باکوورەوە هەڵدراوە بۆ ناو دەریا. دواتریش وتی نزیکەی 14 موشەکی دیکە لە جۆری جیاواز لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کۆریای باکوورەوە هەڵدراون.

وتیشی لانیکەم موشەکێکیان لە دووری 26 کم لە باشووری هێڵی سنووری ئاوی باکوورەوە کەوتۆتە خوارەوە، کە ئەوەش 57 کم دوورە لە شاری سۆکچۆی کۆریای باشوورەوە کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، هەروەها 167 کم دوور بووە لە دوورگەی ئولیونگەوە کە لەوێ زەنگی ئاگادارکردنەوەکان لێدراون.

بەرپرسێکی دوورگەکە بە ڕۆیتەرزی وت " نزیکی کاتژمێر 8:55 خولەک گوێمان لە زەنگی ئاگادارکردنەوەکە بوو و هەموومان لە بیناکەدا چووینە خوارەوە بۆ ژێرزەمینەکە. تاوەکو کاتژمێر 9:15 لەوێ ماینەوە و دواتر دوای ئەوەی زانیمان کە موشەکەکە کەوتۆتە ناو دەریاوە هاتینە دەرەوە."

سوپای کۆریای باشوور وتی کۆریای باکوور زیاتر لە 100 گولەی تۆپهاوێژەکانی لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتییەوە هەڵداوە بۆ ناوچەیەکی پارێزراوی سەربازیی کە لە ڕێکەوتنێکی سەربازییدا لەگەڵ کۆریای باشووردا دامەزراوە.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور وتی هەڵدانی ئەو گولانە ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2018 پێشێل دەکات.

کۆریای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی لەم ساڵدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە موشەک هەڵداوە، بەرپرسانی ئەمەریکا و کۆریای باشووریش دەڵێن کۆریای باکوور ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی تەواو کردووە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی چەکی ئەتۆمی، کە دوایین جار لە ساڵی 2017 دا ئەو جۆرە چەکەی تاقیکردەوە.

هەڵدانی موشەکەکان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە کۆریای باکوور داوای لە ئەمەریکا و کۆریای باشوور کرد مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانیان ڕابگرن.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی سروشتی مەشقە سەربازییەکان " تەنها بۆ بەرگریکردنە " و ئەمەریکا ڕوونیکردۆتەوە بۆ کۆریای باکوور کە هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئەو وڵاتە نیە.

پڕایس وتیشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەشیان ڕوون کردۆتەوە ئەگەر کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکاتەوە ئەوا ڕووبەڕووی " دەرەنجامێکی قووڵ و قووڵ دەبێتەوە و هەنگاوێکی مەترسیدار و ناسەقامگیرکەر دەبێت."

ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا " سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانی کۆریای باکوور و بڕیارە سەرکێشەکەی دەکات بۆ هەڵدانی موشەک بۆ خوار سنووری ئاوی کۆریا."

ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور وتی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور پارک جین هەڵدانی موشەکەکانی لەلایەن کۆریای باکوورەوە بە " کارێکی وروژێنەری سەربازیی بێپێشینە و مەترسیدار " ناوبردووە. دوو وەزیرەکە سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانیان کرد و ڕێککەوتن لەسەر هاریکاریکردن دژی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.

وەزارەتی ڕێگا و ژێرخان و گواستنەوەی کۆریای باشوور وتی بەهۆی هەڵدانی موشەکەکانەوە، هەندێک لە ڕێگا ئاسمانییەکان لە نێوان کۆریای باکوور و ژاپۆندا تاوەکو بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە دادەخرێن.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور وتی " سوپاکەمان هەرگیز ئەم جۆرە کارە وروژێنەرەی کۆریای باکوور قبوڵ ناکات، هەروەها بە هاریکارییەکی نزیکی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا وەڵامێکی توندمان دەبێت."

وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازۆ هامادا وتی حکومەتی ژاپۆن پێی وایە لانیکەم دوو موشەکی باڵیستیکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە هەڵدرابێتن، یەکێکیان بەرەو ڕۆژهەڵات و ئەوی دیکەیان بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات فڕیون.

هامادا وتی کارەکانی کۆریای باکوور هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ژاپۆن و ناوچەکەش، هەروەها بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش و بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵکردن نین.

وتی " کۆریای باکوور بەردەوام موشەک هەڵدەدات بە ئاستێکی بێپێشینە، بە شێوەیەک کە پێشتر نەمانبینیوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG