Accessibility links

ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور هۆشداری دەدەنە کۆریای باکوور


جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان و جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تاکیۆ مۆری و جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور چو هیون دۆنگ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان و جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تاکیۆ مۆری و جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور چو هیون دۆنگ

ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن هۆشدارییاندا دژی کۆریای باکوور و وتیان ئەگەر کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی ئەنجام بدات ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامێکی " بێهاوتا " دەبێتەوە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێیان وایە کۆریای باکوور بە نیاز بێت تاقیکردنەوەی بۆمبە ئەتۆمییەکانی دەست پێکاتەوە، کە دوایین جار لە ساڵی 2017 دا بوو.

جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور چو هیون دۆنگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان و جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تاکیۆ مۆریدا لە تۆکیۆ وتی " ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کە وەڵامدانەوەیەکی بێهاوتا پێویست دەبێت ئەگەر کۆریای باکوور حەوتەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام بدات."

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وردەکارییەکی کەمییان ئاشکرا کردووە لەسەر ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەی کە دەیگرنەبەر، چاودێرانیش دەڵێن چەند بژاردەیەکی کەمی باشییان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە تاقیکردنەوە نوێیەکە.

بۆ یەکەمین جار لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2006 دا کۆریای باکوور یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، لەم ساڵدا ڕووسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڤیتۆیان دژی پێشنیارێک بەکارهێنا کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکرد و تیایدا داوای زیادکردنی سزاکانی سەر کۆریای باکوور کرابوو.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان وتی " داوا لە کۆریای باکوور دەکەین خۆی بە دوور بگرێت لە کاری وروژێنەرانەی دیکە." وتیشی کارە وروژێنەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ناوچەکە ناسەقامگیر دەکەن.

وتی " هەرشتێک لێرە ڕووبدات ، بۆ نمونە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور، ئاسایشی سەرانسەری جیهان ئاڵۆز دەکات."

وتیشی " هیوادارین هەمووان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوە تێبگەن کە هەر بەکارهێنانێکی چەکی ئەتۆمی جیهان بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو دەگۆڕێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ چین و ڕووسیا کە هەردووکیان ئەندامی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG