Accessibility links

کۆریای باشوور دەڵێت لەگەڵ ئەمەریکا و ژاپۆندا هەماهەنگی دەکات سەبارەت بە سزاکانی کۆریای باکوور


نوێنەری کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمەریکا هەماهەنگی دەکەن سەبارەت بە سزاکان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە سزا نێودەوڵەتییەکاندا دژ بە کۆریای باکوور.

نوێنەری تایبەتی کۆریای باشوور بۆ کاروباری ئاشتی و ئاسایشی نیمچە دوورگەی کۆریا، کیم گوون لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکی و ژاپۆنییەکەیدا لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیسیا وتی کۆریای باکوور " شەڕانگێزتر بووە و هەڕەشە ئەتۆمییەکانیشی ئاشکراتر بووە."

وتی " کارە وروژێنەرەکانی کۆریای باکوور ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکگرتووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە."

لەم مانگەدا کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمەریکا سزای دیکەیان سەپاند بەسەر ئەو بەرپرسانەی کۆریای باکووردا کە پەیوەندییان بە بەرنامەکانی چەکی پیۆنگیانگەوە هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوربڕی تاقیکردەوە.

سزاکان دوابەدوای تاقیکردنەوەی موشەکە کیشوەربڕەکەی کۆریای باکوور بوو، کە لەم ساڵدا ئەو وڵاتە زیاتر لە 60 موشەکی هەڵداوە، هەروەها لە نێوەندی نیگەرانییەکانیشدایە سەبارەت بەوەی کۆریای باکوور ڕەنگە تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی دەست پێبکاتەوە کە دوایین جار لە ساڵی 2017 دا ئەو جۆرە چەکەی تاقیکردەوە.

نوێنەرەکەی کۆریای باشوور وتیشی چینی نزیکترین هاوپەیمانی کۆریای باکوور، توانای ئەوەی هەیە کاریگەریی هەبێت لەسەر پیۆنگیانگ و هیوای خواست پەکین " بەردەوام بێت لە بینینی ڕۆڵێکی بونیادنەرانە لەم بارەیەوە."

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور سونگ کیم لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا لە جاکارتا وتی ڕەفتاری کۆریای باکوور یەکێک لە مەترسیدارترین ئاستەنگەکانی لە بەردەم ناوچەکە و سەروو ناوچەکەشدا دروست کردووە.


کیم وتی " کۆریای باکوور ئاستەنگییەکی دروست کردووە کە تەنها بە یەکگرتوویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەک دەنگییان دەتوانرێت بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."

هاوکات بەڕێوبەری گشتی کاروباری دەرەوەی ژاپۆن بۆ ئاسیا فوناکۆشی تاکیهیرۆ وتی سێ هاوپەیمانەکە هاریکارییە ئاسایشییەکانی نێوانیان بۆ ئاستێکی بێپێشینە زیاد کردووە.
وتی سێ وڵاتەکە تاوتوێی سەرجەم بژاردەکان دەکەن، بە تواناکانی ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانەشەوە، هەروەها تاوتوێی ئەوە کراوە وریاتر بین لە دژی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکانی کۆریای باکوور. وتیشی سێ وڵاتەکە " بە کراوەیی دەمێننەوە بە ڕووی گفتوگۆکان لەگەڵ پیۆنگیانگدا."

ژاپۆن لەمدواییانەدا سێ لایەن و کەسێکی خستۆتە لیستی سزاکانەوە، لەوانەش گروپی لازارۆس کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت هێرشی ئەلیکترۆنییان لە بەرژەوەندی کۆریای باکوور ئەنجامدابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG