Accessibility links

کیم جۆنگ ئون دەڵێت کۆریای باکوور دەیەوێت بەهێزترین هێزی ئەتۆمی هەبێت لە جیهاندا


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دەڵێت وڵاتەکەی نیازی هەیە بەهێزترین هێزی ئەتۆمی هەبێت لە جیهاندا، هاوکات ستایشی دەیان ئەفسەری سەربازیی کرد کە بەشدار بوون لە تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستیکییەکانی ئەمدواییانەدا.

ڕاگەیاندنەکە دوای ئەوە هات کیم جۆنگ ئون لە 18 ی مانگی یانزەدا چاودێری تاقیکردنەوەی گەورەترین موشەکی کیشوەربڕی کۆریای باکوور هواسۆنگ – 17 ی کرد، هەروەها بەڵێنیدا ڕووبەڕووی " هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا " ببێتەوە.

کیم گوتی " ئامانجی سەرەکی کۆریای باکوور ئەوەیە ببێتە خاوەنی بەهێزترین هێزی ستراتیژی، هێزێکی ڕەهای بێپێشینە لەم سەدەیەدا." وتیشی پتەوکردنی توانا ئەتۆمییەکان دەبێتە هۆی پاراستنی سەروەری خاکی وڵاتەکە و گەلەکەی، بەشێوەیەک کە دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت.

هەروەها موشەکی هواسۆنگ – 17 ی بە بەهێزترین چەکی ستراتیژی لە جیهاندا ناوبرد، گوتی تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە موشەکە سووربوونی کۆریای باکوور و توانای وڵاتەکەی دەرخست بۆ بونیادنانی بەهێزترین سوپا لە جیهاندا.

گوتیشی زانایانی کۆریای باکوور " بەرەوپێشچوونێکی زۆر سەرسوڕهێنەرییان کردووە لە پەرەدان بە تەکنەلۆجیای دانانی کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر موشەکە باڵیستیکییەکان "، وتیشی پێشبینی دەکرێت تواناکانی بەرپەرچدانەوە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە بە خێرایی فراوانتر و پتەوتر بکرێت.

کیم لە وێنەیەکدا لەگەڵ ئەو زانا و ئەندازیار و بەرپرسە سەربازییانەدا دەرکەوت کە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکەدا کردبوو.

بەپێی دەزگای ناوەندی کۆریای باکوور، ئەو بەرپرسە سەربازی و زانا و ئەندازیارانە " بەڵێنیانداوە بەرگری لە " دەسەڵاتی ڕەهای " حزبەکە و کیم بکەن، هەروەها بەڵێنیانداوە کە " موشەکەکانمان بە توندی تەنها بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆن کە بۆیان دەستنیشان دەکرێت."

موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕی هواسۆنگ – 17 دەتوانێت بگاتە سەر خاکی ئەمەریکا، دوای تاقیکردنەوەکە، ئەمەریکا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی دەربکات و تیایدا لێپێچینەوە لە کۆریای باکوور بکات لەسەر تاقیکردنەوە موشەکییەکانی، کە ئەو تاقیکردنەوانە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش قەدەغە کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG