Accessibility links

ژاپۆن چاکسازییەکی گەورە لە بەرگری وڵاتەکەدا ڕادەگەیەنێت


سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا
سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا چاکسازی گەورەی لە ستراتیژی بەرگری وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ مەترسییەکانی چین و کۆریای باکوور لە ناوچەکەدا، چاکسازییەکانیش بریتی دەبن لە زیادکردنی بەرچاوی خەرجی بەرگری وڵاتەکە و کڕینی چەکی هێرشبەری مەودا درێژ.

کیشیدا لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تۆکیۆ گوتی " بەهۆی ژینگەی ئاسایشی دەوروبەری ژاپۆنەوە، ژاپۆن هەست بە ناجێگیرییەکی زیاتر دەکات،" حکومەتەکەی بیری لەوە کردۆتەوە ئایا هێزەکانی بەرگری ئێستای ژاپۆن لە توانایاندا هەیە بەرپەرچی هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکە بدەنەوە یاخود نا، ئەوەش بەپێی تواناکانی دوژمن و شێوازە نوێیەکانی شەڕکردن.

کیشیدا گوتی دوای ئەنجامدانی مەشقێکی ڕاستەقینە، دڵنیا بووینەوە لەوەی هێزەکانی بەرگری ژاپۆن کاریگەر نین.

سەرۆک وەزیری ژاپۆن وتیشی بەپێی ستراتیژییە نوێیەکە، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا پلانێکی زیاتر لە 320 ملیار دۆلاری جێبەجێ دەکات بۆ پتەوکردنی سوپاکەی، ئەوەش تاوەکو ساڵی 2027 ساڵانە لە سەدا 2 ی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکە دەبێت.

بەپێی پلانەکە، ژاپۆن نەک تەنها چەکە دروستکراوەکانی وڵاتەکەی نوێ دەکاتەوە، بەڵکو لانیکەم 400 موشەکی کروزی تۆماهۆکی دروستکراوی ئەمەریکیش دەکڕێت.

ستراتیژییە نوێیەکەی بەرگری ژاپۆن کە ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندرا تیایدا باس لە داگیرکارییەکەی ڕووسیاش دەکات لە ئۆکرانیا، داگیرکارییەکەی ڕووسیای وەکو هۆکارێک باس کردووە بۆ پتەوکردنی بەرگری وڵاتەکە.

لە کاتێکدا ڕای گشتی پشتیوانی لە زیادبوونی خەرجی سەربازیی دەکات لە ژاپۆن، پتەوکردنی سوپای وڵاتەکە ڕەنگە جێی مشتومڕ بێت، چونکە بەپێی دەستووری ژاپۆن لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، توانای هێزی نیشتیمانی ژاپۆن سنووردار کراوە تەنها بۆ وەرگرتنی ڕۆڵێکی بەرگری.

کیشیدا دڵنیاییدا لەسەر ئەوەی ستراتیژییە نوێیەکەی لە " چوارچێوەی دەستووری ژاپۆن و یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا دەبێت."

گوتی " ڕێگای ژاپۆن وەکو وڵاتێکی ئاشتیخواز گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی ئەم خاڵانە بۆ نەک تەنها بە ئاشکرا بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە بەڵکو بۆ ئەو وڵاتانەشی ڕوون دەکەینەوە کە نیگەرانن، تاوەکو تێگەیشتنی ئەوان بە دەست بهێنین."

XS
SM
MD
LG