Accessibility links

سەرکردەی باڵای هێزەکانی ئەمەریکا دەڵێت زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ڕووسیایی لە ئۆکرانیا کوژراون و برینداربوون


ژەنەڕاڵی باڵای ئەمەریکا مەزەندە دەکات زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا کوژراو و بریندار بووبن، وتیشی هێزە چەکدارەکانی کیێڤیش "پێدەچێت" ئاستێکی هاوشێوەی قوربانییان لە شەڕەکەدا هەبووبێت.

ئەم مەزەندەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە لەلایەن هیچ ئاژانسێکی دەنگوباسەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لێدوانەکانی ژەنەڕاڵ مارک میلی بەرزترین خەمڵاندنی ئەمەریکا بۆ قوربانییەکان تا ئێستا لە ململانێی نزیکەی نۆ مانگەدا دەخاتە ڕوو، و لە کاتێکیشدایە کە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا ڕوو لە هێوربوونەوە دەکات و پسپۆڕان دەڵێن دەتوانێت دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ جۆرێک لە دانوستاندن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت تێڕوانینیان لەسەر دیپلۆماسی لە ئۆکرانیا، میلی ئاماژەی بەوەدا کە ڕەتکردنەوەی پێشوەختە بۆ دانوستاندن لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ئازارەکانی مرۆڤی زیاتر کرد و بووە هۆی قوربانیدانی ملیۆنان کەسی دیکە. میلی لە لێدوانەکەیدا بۆ یانەی ئابوری نیویۆرک گویشی " جا کاتێک دەرفەتێک هەبێت بۆ وتووێژکردن، کە دەکرێت بگەیت بە ئاشتی، ئەو هەلە بقۆزەرەوە."

پێشتر ڕۆژی چوارشەممە، ڕووسیا ڕایگەیاند کە هێزەکانی لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ لە نزیک شاری ستراتیجی باشووری ئۆکرانیا لە خێرسۆن دەکشێنەوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی بەرچاوە بۆ مۆسکۆ و دەشێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە شەڕەکەدا.

ژمارەیەک لە شارەزایان دەڵێن دواین پاشەکشێی مۆسکۆ ڕەنگە ڕێگەخۆشبکات بۆ ئۆکرانیا تا لە پێگەیەکی بەهێزەوە وتووێژ بکات لە کاتێکدا هەندێکی تر دەڵێن ڕەنگە ڕووسیا وتووێژەکان بۆ کوشتنی کات بەکاربهێنێت تا پشوویەک بدات و هێزەکانی ڕێکبخاتەوە بۆ هێرشێکی تر لە بەهاردا.

میلی گوتی نیشانە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕووسیا کشانەوەیەکی لە خێرسۆن ئەنجام دەدات. بەڵام هۆشداریشی دا کە ڕەنگە کاتی پێبچێت تا تەواودەبێت. میلی گوتی " ئەمە بە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ نابێت، ئەمە چەند ڕۆژێک یان تەنانەت چەند هەفتەیەکیشی پێدەچێت تا ئەو هێزانە بکشێنێەوە بەشی باشووری ڕووبارەکە." گوتیشی بەوە دەچێت نزیکەی 20 هەزار بۆ 30 هەزار سەربازی ڕووسیایی لە ناوچەکانی بەشی باکووری ڕووباری دنیپرۆدان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ بە شێوەیکی ڕاستەوخۆ بەشدارنین لە شەڕی داگیرکاری ئۆکرانیا، بەڵام بە ناردنی چەک و ڕاهێنانی سەربازی هاوکاری لەشکری بۆ کیێڤ دەنێرن دژ بە ڕووسیا.

میلی گوتیشی ئەم شەڕە هەتا ئێستا بووەتە هۆی ئاوارەکردنی 15 بۆ 30 ملیۆن کۆکرانی و کوشتنی نزیکەی 40 هەزار خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG