Accessibility links

ڕووسیا لە شاری خێرسونی ئۆکرانیا پاشەکشێ دەکات


سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕۆژی چوارشەممە فەرمانی بە هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لە شاری خێرسۆنی داگیرکراوی ئۆکرانیا بکشێنەوە و هێڵی بەرگری لەوبەری ڕووباری دنیپرۆ بگرنە دەست.

ئەم ڕاگەیاندنە یەکێکە لە بەرچاوترین پاشەکشێی ڕووسیا و ڕەنگە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لەو شەڕەی کەوا خەریکە 9 مانگ تەواو دەکات.

لە لێدوانێکی تەلەفیزۆنیدا ژەنەڕاڵ سێرگی سورۆڤکین فەرماندەی گشتی شەڕەکە ڕایگەایند چی تر ناتوانرێت پێداویستییەکان بۆ شاری خێرسۆن دابین بکرێت. ئەو گوتی پێشنیازی ئەوەی کردووە هێڵی بەرگری ببرێتە کەناری ڕۆهەڵاتی ڕووبارەکە.

سورۆڤکین گوتیشی "ئێمە گیانی سەربازەکانمان و تواناییەکانی شەڕی یەکەکانمان دەپارێزین. هێشتنەوەیان لە کەناری ڕۆژئاوای (ڕووبارەکە) بێهودەیە. هەندێکیان دەتوانرێت لە بەرەکانی دیکەدا بەکاربهێنرێن".

لە وەڵامی پێشنیازەکەدا وەزیری بەرگری شۆیگو گوتی " منیش لەگەڵ دەرەنجام و پێشنیارەکانتانم. بەردەوام بن لە کشانەوەی هێزەکان و هەموو ڕێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ گواستنەوەی هێزەکان بۆ ئەودیوی ڕووبارەکە."

ئەم هەواڵە پاش چەند هەفتەیەکی پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا بەرەو شارەکە و هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ گواستنەوەی دەیان هەزار لە دانیشتوانیەتی بوو.

XS
SM
MD
LG