Accessibility links

بەڕیتانیا پشتیوانییەکانی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا لە زستاندا زیاتر دەکات


وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس
وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس بە دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند بەڕیتانیا پشتیوانییەکانی بۆ سەربازانی ئۆکرانیا لە وەرزی زستاندا زیاتر دەکات، ئەمەش چەند مانگێک دوای پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بەرەو شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا.

واڵاس و سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ پێکەوە چاودێری مەشقی هێزەکانی ئۆکرانیایان کرد لە شارۆچکەی لیدی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەڕیتانیا، هاوکات بەڕیتانیا ڕایگەیاند 12,000 پێداویستی خەوی تایبەت بە وەرزی سەرمای زستان دەدات بە ئۆکرانیا.

واڵاس وتی " زستان نزیک دەبێتەوە و ئەوەش بەرەنگارییەکی گرنگە بۆ هەردوولا. لەبەر ئەوە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی باشترین توانا سەرەتاییەکان بدەین بە سەربازانی ئۆکرانیا، چونکە دەزانین سوپای ڕووسیا ئەوە ناکات."

دواتر وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی بەمزووانە گەیاندنی 1000 موشەکی زەوی بۆ ئاسمان بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا تەواو دەکات. کەلوپەلەکان بریتین لە موشەک هاوێژەر و موشەک و ئەو جۆرە موشەکانەش دەتوانن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکە کروزەکانی ڕووسیا بخەنە خوارەوە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ فەرمانی بە هێزەکانی ڕووسیا کرد لە بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆی شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا بکشێنەوە، ئەوەش لە نێوەندی هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیادا بۆ سەر شاری خێرسۆن.

ئۆکرانیا بە وریاییەوە لێدوانی لەسەر ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیا داوە، دەڵێت هێشتا هەندێک لە هێزەکانی ڕووسیا لە خێرسۆن ماونەتەوە.

واڵاس پێش ڕاگەیاندنەکەی شوێگۆ وتی پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمەکەدا هۆکارن بۆ ئەوەی دابینکردنی پێویستییە سەربازییەکان و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا بپارێزین.

وتی " ئۆکرانیا هێشتا دەستکەوتی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، هەروەها بە هێواشی بەڵام بە دڵنیاییەوە لە خێرسۆنی باشوور نزیک دەبێتەوە. ئەوە شەڕێکی سەختە."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆش لە ماوەی وەرزی زستاندا پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە ستۆڵتنبێرگ لە لەندەن لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکدا کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسییان لە بەردەوامبوونی پشتیوانییەکان کردووە بۆ سەروەری ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG