حکومەتی بەڕیتانیا دەڵێت کۆی 18 ملیار سەرمایەی دەسەڵاتدارە دەوڵەندەکانی ڕووسیا و ئەو کەس و لایەنانەی دیکەی ڕووسیای سڕ کردووە کە بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا سزا دراون.
بەپێی ئۆفیسی جێبەجێکردنی سزا داراییەکانی بەڕیتانیا کە بەشێکە لە وەزارەتی دارایی، ڕووسیا لیبیا و ئێرانی تێپەڕ کرد لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدا کە بەڕیتانیا زۆرترین سزای بەسەردا سەپاندوون.
سەرمایە سڕکراوەکەی ڕووسیا 6 ملیار پاوەند بووە کە ئەوەش زۆر زیاترە لە سەرمایە سڕکراوەکانی هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەڕیتانیا سزای بەسەردا سەپاندوون.
وەزیری خەزێنەی بەڕیتانیا ئاندرو گریفیث ڕایگەیاند " توندترین سزامان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە و ئەوەش ئامێری جەنگەکەی ڕووسیای پەکخستووە. پەیامەکەمان ڕوونە: ڕێگە نادەین پوتن لەم جەنگە دڕندانەیەدا سەربکەوێت."
تاوەکو ئێستا بەڕیتانیا سزای بەسەر زیاتر لە 1200 کەس و 120 لایەنی ڕووسیایدا سەپاندووە، لە بازرگان و کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ سیاسییەکانی ڕووسیا.
لە 24 ی مانگی دوودا کاتێک ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەڕیتانیا دەستیکرد بە قەدەغەکردنی گەشت و سڕکردنی سەرمایە و سەپاندنی سزاکانی دیکە بەسەر ڕووسیاییەکاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز