Accessibility links

پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست نابێت لە ئیندۆنیسیا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

بەرپرسانی ئیندۆنیسیا و ڕووسیا دەڵێن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی کۆمەڵەی بیست نابێت لە بالی پایتەختی ئیندۆنیسیا کە وابڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بەرپرسەکان وتیان وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ نوێنەرایەتی پوتن دەکات لە کۆبوونەوەکەدا.

وتەبێژی وەزیری هەماهەنگی کاروباری دەریایی و وەبەرهێنانی ئیندۆنیسیا جودی مەهاردی وتی بڕیارە سەرۆکی ڕووسیا لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی بیستدا بکات.

وەکو وڵاتێک کە میوانداری کۆبوونەوەکەی ئەمساڵی کۆمەڵەی بیست دەکات، ئیندۆنیسیا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیاوە داوای لێکراوە بانگهێشتکردنی پوتن بۆ کۆبوونەوەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ڕووسیا لە کۆمەڵەی بیستدا دەربکرێت بەهۆی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

وتەبێژێکی باڵیۆزی ڕووسیا لە ئیندۆنیسیا هەواڵی ئامادە نەبوونی پوتنی لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاست کردەوە، بەڵام ڕوونکردنەوەی زیاتری نەدا.

سەرۆکی ئیندۆنیسیا جۆکۆ ویدۆدۆ هەوڵیداوە نێوەندگری بکات لە گرژییە جیۆسیاسییەکانی نێوان وڵاتانی کۆمەڵەی بیستدا. کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵ چوونە دەرەوە لە هۆڵی کۆبوونەوەکان و هەڕەشەی بایکۆتکردنیان تێدا بووە کە بەهۆی داگیرکارییەکەوە دروست بوون.

وەزیری هەماهەنگی کاروباری دەریایی و وەبەرهێنانی ئیندۆنیسیا لوهوت پاندجایتان بە دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانی بالی وت " سەرۆک هەوڵیداوە دڵنیا ببێتەوە لەوەی هەمووان هێمن بن، دیارە ئێستا ئەوە ڕوودەدات."

سەرۆکی ئیندۆنیسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەمدواییانەدا وتی پێشوازی لە ڕووسیا دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا. وتی " کۆمەڵەی بیست کۆڕبەندێکی سیاسیی نیە. کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ئابووری و گەشەپێدانە."

هاوکات ئیندۆنیسیا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیشی بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست، بەڵام زێلێنسکی ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر پوتن بەشداری بکات ئەوا بەشداری ناکات، پێشبینی دەکرێت لە ڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداری بکات.

ژمارەیەک لە ڕابەرانی جیهان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن کە لە 15 ی مانگی یانزەدا دەستپێدەکات، لەوانەش سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جینپینگ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG